ئامانجی داهاتووی بەرشەلۆنە گرێبەستی رابیۆیە

:: AM:10:27:14/03/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە لە داهاتوودا بە ڕژدی كار لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ ئەدریان رابیۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بكات.

ماڵپەڕی (دۆن باڵۆن)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: جۆزیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بە ئامانجی ئەوەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی ئێستای ئەوروپا لە چنگی یانەی پاریس سان جێرمان دەربێنێ بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی لە ماوەی رابردوودا پێشكەش كردووە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: یانەی بەرشەلۆنە دەزانێ گرێبەستەكەی رابیۆ لە هاوینی 2019 بەكۆتا دێت، بۆیە هەوڵ دەدات رازی بكات گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان نوێ نەكاتەوە و بەڵێنیشی پێ دەدات بیكات بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی تیپەكەی لە هێڵی ناوەڕاستدا.

ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كرد ئامانجی یانەی بەرشەلۆنە ئەوەیە تا هاوینی 2019 رابووەستێ و ئەو كات بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر گرێبەستی رابیۆ بەدەست بێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م