درەنگانی شەوی ڕابردوو زیاتر لە 50 چەكداری نەناسراو چوونەتە گوندی نارنجڵەی سەر بە شارەدێی بیارە و لە نزیك گوندە سێ تەقینەوەیان ئەنجام داوە، تا ئێستەیش وردەكاریی ئەو ڕووداوە ڕوون نییە و بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەیش دەڵێ، ئەو شوێنەی تەقینەوەكانی لێ ئەنجام دراوە، قەڵایەكی مێژوویییە.
عەباس محەمەد هاووڵاتییەكی گوندی نارنجڵەی دەڤەری هەورامان بۆ "وشە" گوتی، درەنگانی شەوی ڕابردوو گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەكی گەورە بوو، كاتێك چووینە دەرەوە بینیمان "قەڵای سەنگی سیاو" تەقینەوەی لێ ڕووی داوە، پاش ئەوەی چەند كەسێكی گوندەكە بەرەو شوێنی تەقینەوەكە ڕۆیشتن، بەڵام چەكداران پارێزگارییان لە ناوچەكە دەكرد و ڕێگرییان لە چوونی خەڵكی گوند بۆ لای قەڵاكە و شوێنی تەقینەوەكە كرد.
زیاتر گوتی، ئەوەی ئێمە بینیمان زیاتر لە 50 چەكدار دەبوون و سەرجەمیان چەكدار بوون، لێمان پرسین ئێوە كێن و چی دەكەن لەو قەڵایە، گوتیان ئەوان هێزی تەناهی و فەرمین و كاری خۆمان هەیە و نابێ هیچ كەس بە كارەكەمان بزانێ و لێمان نزیك بێتەوە، كاتێك ئاسایشیش گەیشتە شوێنەكە، ئەو چەكدارانە ڕێگرییان لە هێزەكانی ئاسایشی ناوچەكەیش كرد لە قەڵاكە نزیك ببنەوە، دوای ئەوەی كارەكانیان تەواو كرد، ئینجا خۆیان ڕۆیشتن و ناوچەكەیان بەجێ هێشت.
حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتی، ئەو چەكدارانە بە چەندان ئۆتۆمبێلەوە چوونەتە ناوچەكە و خۆیان بە هێزی تەناهی ناساندووە و سێ تەقینەوەیان لە ناوچەكە ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستە نازانرێ ئەو چەكدارانە هێزی تەناهی بوون یان چەتە و دز و گرووپەكانی دزینی پارچەی شوێنەوارین، چونكە ئەو شوێنەی تەقینەوەیان لێ كردووە، شوێنێكی مێژوویی كۆنی جووەكانە و گوندی نارنجڵەیش 10 خێزانی لێ دەژین و خەریكی باخدارین.
هەورامان/سەلام هانەدنی.