بە وێنە.. لە گەرمیان ساڵڕۆژی لەدایكبوونی بارزانی بەرز ڕاگیرا

:: PM:02:58:14/03/2018 ‌
لە چوارچێوەی ئەو چالاكییانەی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە بۆنەی ساڵڕۆژی لە دایكبوونی ڕێبەری نەتەوەیی كورد مستەفا بارزانی بەڕێوە دەچێت، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەند چالاكییەكی ژینگەیی بەڕێوە چوون.
 
 رێبوار مستەفا بەرپرسی ناوەندی باڵای گەرمیانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی  راگەیاند، ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی 115 ساڵەی لەدایكبوونی رێبەری نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی، لەلایەن رێكخراوەكانی لاوان و قوتابییانی سنووری لقی 22 پارتی دیموكراتی كوردستانەوە چەند چالاكییەك ئەنجام دران .
 
زیاتر گوتی، چالاكییەكان بریتیی بوون لە چاندنی نەمام لە شارەدێی رزگاری سەر بەشارۆكەی كەلار و سەوزكردنی ئەو سنوورە.
 
ئاماژەی بەوەیش كرد كە هەر ئەمڕۆ لە شارەدێی رزگاری لەلایەن یەكێتیی قوتابییانەوە خولێكی سەرتاشین بۆ لاوان لە ناو كتێبخانەی گشتیی رزگاری كرایەوە.
 
دووپاتیی كردەوە كە چەندان چالاكیی تر بۆ خزمەتی گەنجانی سنوورەكە ئەنجام دراون كە بۆ ئاسوودەكردنی رۆحی ڕێبەری نەتەوەی كورد بارزانی نەمرە لە ساڵڕۆژی لەدایكبوونیدا.
 
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بە بۆنەی یادی لە دایكبوونی مستەفا بارزانی ڕێبەری نەتەوەیی كورد، چەندان چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن و ئەو ڕۆژەیش كراوەتە پشووی فەرمی لە كوردستان.


گەرمیان / سەبری هۆرینی
 









وشە - سه‌رخێڵ هاشم