"گەڕاندنەوەی بودجە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كاریگەری نابێت"

:: PM:03:18:14/03/2018 ‌
لەسەر گەڕاندنەوەی یاسای بودجە لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق ڕەتی دەكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتە درابێت بە سەرۆك كۆمار تا یاسای بودجە بگەڕێنێتەوە.

دوێنی، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق یاسای بودجەی گەڕاندەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی لەلایەن كوردەوە ناڕەزایی لەسەر بودجە كە هەبووە و پەرلەمانیش بەزۆرینەی دەنگی شیعە و سوننە لە شەشی ئەم مانگە تێی پەڕاند.
 
ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئادار/ مارس، زانا ڕۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەرچەندە سەرۆك كۆماری عێراق یاسای بودجەی بە نووسراوێكی فەرمی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق كردووەتەوە و 31 تێبینی لەسەر دیاری كردووە، بەڵام فوئاد مەعسووم ئەو دەسەڵاتەی نییە.

زیاتر گوتی، بەپێی دەستووری عێراق مادەی 73 سەرۆك كۆمار مافی پەسەندكردنی یاساكانی هەیە دوای ئەوەی لە پەرلەمان دەرچوو، ئەگەر لە ماوەی 15 ڕۆژ یاساكەی پەسەند نەكرد، ئەوا بەبێ واژووی سەرۆك كۆماری یاساكە جێبەجێ دەكرێت.

روونی كردەوە كە سەرۆك كۆمار تەنیا لە خولی یەكەم مافی گەڕانەوەی یاساكانی هەبوو بۆ پەرلەمانی عێراق، لە دوای ئەو خولەوە ئێستە سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسووم مافی گێڕانەوەی یاسای بودجەی نییە بۆ پەرلەمانی عێراق و هیچ گرنگی نابێت.

فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لە ماوەی ڕابردوو زۆرترین ناڕەزایی لەسەر بووە بەهۆی ئەوەی كەمترین هەڵوێستی بەرانبەر كێشەكانی كورد لە بەغدا هەبووە و ئەوەیش وایكردووە كە ئەو وەك كەسێكی كاریگەر لە عێراقدا دەرنەكەوێت.

سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و خەڵكی كوردستان لە 2014ـەوە بودجە و مووچەی بڕاوە. لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە عێراق گەمارۆی سەختی بەسەر كوردستاندا سەپاندووە، بەڵام سەرۆك كۆمار هیچ هەڵوێستێكی روونی نییە لە كاتێكدا ئەو پارێزەری دەستوورە و لە هیچ بڕگەیەكی دەستووری عێراق باس لە برسیكردنی خەڵكی كوردستان و مووچە بڕینیان نەكراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم