پێوەندیی نێوان مۆبایل و نۆڕماڵ دەستی پێ كردەوە

:: PM:03:36:14/03/2018 ‌

دوای ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی، پێوەندی نێوان هێڵەكانی نۆڕماڵ و مۆبایل دەستی پێ‌ كردەوە و ئێستە هاووڵاتییان دەتوانن پێوەندی بكەن بەو هێڵانە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئادار، سیامەند ڕەشید ڕێكخەری پێوەندییەكانی نێوان تۆڕەكانی پێوەندی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی CMC لە ١٥-١-٢٠١٨ بە راگرتنی پێوەندی لە نێوان كۆمپانیاكانی مۆبایل و هێڵی تەلەفۆنی جێگیری (نۆرماڵ)ی كۆمپانیای Noor Tel بە پاساوی بوونی گرفتی یاسایی، بەكار‌هێنەرانی مۆبایل نەیاندەتوانی پێوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكانی نۆرماڵی نوور تێلەوە بكەن، ئەمڕۆ كرایەوە.

ڕێكخەری پێوەندییەكانی نێوان تۆڕەكانی پێوەندیی عێراق دەڵێت، هیچ گرفتێك نەماوە و ئێستە لە سەعات یەكی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە پێوەندییەكان كراونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ ئومێد محەمەد ساڵح گوتەبێژ و ئەندامی دەستەی راوێژكاری، كۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری سەرۆكی دەستەی CMC و پێوەندیی بەردەوامی دواتر و بە دواداچوون بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكان كە ئەرێنی بوون، دەستەی ناوبراو بە نووسراوی ٢٧٦٧ لە ١١-٣-٢٠١٨ بڕیاری دا پێوەندییەكانی نێوان كۆمپانیاكانی مۆبایل و هێڵی جێگیر بە یەكەوە گرێ بدرێنەوە و رێوشوێنی یاسایی كە گرفتیان تێدابوو وەك دەستەكە دەڵێت، چارەسەر كراون.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئێستە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێی هێڵی مۆبایلەوە پێوەندی بە هێڵەكانی تەلەفۆنی نۆرماڵەوە بكەن .

ڕاگرتنی هێڵی پێوەندییەكانی نێوان مۆبایل و نۆڕماڵ لەلایەن عێراقەوە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت بوو لە ماوەی ڕابردوودا.





وشە - رامیار جەواد