"وشە" كاتی یەكەمین گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا دەكات


دوای ڕاگەیاندنی كردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان، ئەمشەو یەكەمین گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ ئەوروپا ئەنجام دەدرێت، بەهەمانشێوە هاتن هەیە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئادار، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی هەیە، ئەمشەو یەكەمین گەشت لە فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ ئەوروپا ئەنجام دەدرێت و گەشتەكەش بۆ كۆپنهاگنی دانیماڕك ئەنجام دەدرێت و چەند گەشتێكیش بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەیە.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی هەیە، گەشتەكە لە سەعات 12ـی شەو دەبێت و دوای ئەویش چەند گەشتێك هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا كە بریتین لە گەشتی چوونی بۆ بەغدا و بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و ئیستەنبوڵ و قاهیرە.

كردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكان لە هەرێمی كوردستان، دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوو لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە ڕێكخستنەوەی كاری فڕۆكەخانەكان، ئەوەش دوای بڕیاری عەبادی دژی هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوو.

كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی  ڕۆژنامەوانیدا ڕایان گەیاند، فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی كراوەن بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان. سنجاری گوتی، سوپاسی وەزیری ناوخۆی عێراق دەكەم لەگەڵ سەرجەم ئەو كەسانەی هاوكار بوون لە چارەسەری كێشەكان، ئەو هەنگاوە بۆ چارەسەری كێشەكان گرنگە.



وشە - رامیار جەواد


PM:04:28:14/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 2127 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌