لە زانكۆی دهۆك پارە لە دەرچووان وەردەگیرێت

:: PM:04:39:14/03/2018 ‌

لە كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆی دهۆك، هیچ رێنوێنییەكی تایبەت بە دانی بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی پەسندكراو نییە. هەر كۆلیژ و بەشێك بە پێی خواستی خۆی پارە لە دەرچووان و قوتابییان وەردەگرن و هەندێك تۆماریش هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرن. بۆ نموونە ئەو كەسانەی لە تۆماری گشتیی كولێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی دهۆك پەسەندیان وەرگرتووە، هیچ بڕە پارەیەكیان نەداوە.

دەرچوویەكی پارساڵی زانكۆی دهۆك كە ئێستە پیشەی مامۆستای وانەبێژە، بۆ "وشە" دەڵێت كە تەنیا لەم رۆژانەدا بڕی 90 هەزار دیناری خەرج كردووە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی پەسندكراو، بە مەبەستی خۆتۆماركردنی وەك فەرمانبەر بۆ رۆژی دەنگدان، دوو جار ٢٠ هەزار دیناری داوە و جارێكیش ٥٠ هەزار دیناری داوە بۆ كاری جیاواز.

ئەو مامۆستایە گوتی، ئەمە بارگرانییەكی زۆرە بۆ مامۆستا كە لەم رۆژە سەختانە مووچەیەكی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە. لە كاتێكدا هیچ رێنوێنییەك بۆ ئەمە نییە و لە هەندێك شوێن هیچ بڕێك وەرناگیرێت یان بڕێكی كەم وەردەگرن.

دكتۆر كەرەڤان ئامێدی راگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان لە زانكۆی دهۆك لەبارەی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە قوتابی و دەرچووانی زانكۆ وەردەگرن، گوتی لە سەرۆكایەتیی زانكۆی دهۆك بڕیاری ئەوە هاتووە كە هەموو بەش و كۆلێژەكان بۆ پێدانی پەسند دەبێت پارە بدەن، بەڵام هەندێك راگر لەلایەن خۆیانەوە و بۆ كارئاسانی گوتیان ئەوان پارە وەرناگرن و هەر پەسندێكیش بڕی پارەكەی لەوەی تر جیایە كە لە پێنچ هەزار دەست پێ دەكات تا 50 هەزار دینار بە گوێرەی ئیشوكاری داواكار دەگۆڕێت.

لە هەفتەی رابردوودا سەرۆكایەتی زانكۆ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە راست بكرێت و هەر كارێك پەسندی تایبەتی هەبێت. بۆ ئەمەش پارەیەكی دیاریكراوی داناوە. تا پارساڵ تەنیا بو پێدانی بڕوانامە و هەندێك پەسەندی تایبەت پارە وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ بۆ زۆر شتی تر وەردەگیرێت.

حاجی مووسا جێگری سەرۆكی زانكۆی دهۆك بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، "ئێمە بە پێی رێنوێنییەكان ئەو بڕە پارەیە لە فەرمانبەر و دەرچووانی زانكۆ وەردەگرین، بەڵام لەم كۆتایە و دوای كۆبوونەوەی جڤاتی زانكۆی دهۆك، بڕیار درا ئەگەر پەسند بۆ كومسیۆن بێت بە بێ پارە بە فەرمانبەر و دەرچووانی زانكۆ بدرێت وەك هاوكاری بو ئەوان، بەڵام پەسند بۆ هەر جێیەكی تر بێت، بە پێنچ هەزار دەبێت.

ناوبراو لە بارەی هۆكاری وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە گوتی، ئەم بڕە پارەیە لە فەرمانبەر و دەرچووان وەردەگرێت و دەبێتە داهات بۆ زانكۆ، لەبەرئەوەی لە داهاتی زانكۆ رێژەی 30% بۆ وەزارەت خۆی دەگەڕێتەوە.

وشە/ دهۆك- دێژین سدقی




وشە - سلێمان تاشان