دووپات لەسەر چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە

:: PM:05:09:14/03/2018 ‌
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێڕاق دووپات لەسەر چارەسەكردنی كێشەكان دەكەنەوە و ئاماژە بەوەدەكەن، هەنگاوی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان دەبێتە هۆی بنیاتنانەوەی متمانە و هەنگاوەكانی تری ناردنی مووچە و چارەسەركردنی كێشەكانی بەدوادا دێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان  نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبووەتەوە.

لە دیدارێكدا دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە و هیوایان خواستووە كە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی بنیاتنانەوەی متمانە و هەنگاوەكانی تری ناردنی مووچە و چارەسەركردنی كێشەكانی بەدوادا بێت.

 هەردوولا دووپاتییان لە بوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری و گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكگەیشتن بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان نێوانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق كردەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئامادە بوو، دۆخی تەناهیی عێراق و هەرێمی كوردستان و مەترسییەكانی تیرۆر خرایە بەر باس و هەردوولا دووپاتییان لەسەر برەودانی زیاتر بە هاوكاری و هەماهەنگیی تەناهیی و گۆڕینەوەی زانیاری و كاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراقی و دەزگە پێوەندارەكانی هەردوولا بۆ ڕووبەڕوونەوەی تیرۆرستان و مەترسییەكانی تیرۆر كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم