هەموو زانیارییەك لەبارەی یەكەی 400ی تیرۆر لە سوپای پاسداران

:: PM:02:53:24/11/2016 ‌

یەكەی 400ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیمێكی تایبەتە بە تیرۆرەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران. ئەو یەكەیە بەرپرسە لە گەیاندنی چەكوچۆڵ و راهێنان و رێنمایی كردنی تیرۆریستان و رێكخراوە چەكدارییەكان لە جیهان و ئەركی سەرەكییان تیرۆری هەموو ئەو كەسانەیە كە رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی.

 ئەندامانی ئەو یەكەیە لەلایەن فەرماندەی گشتی سوپای قودسەوە دەستنیسان دەكرێن و بە شێوەیەكی نهێنی كارەكانیان بە ئەنجام دەگەیەنن. بەهۆی هەستەوەری ئەركی ئەو یەكەیە لەسەریانە بۆ ئەنجامدانی هەر جووڵەیەك مۆڵەت لە فەرماندەی گشتی سوپای قودس "قاسم سلێمانی" یان رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران "عەلی خامنەیی" وەربگرن.

یەكەی 400 بەرپرسیارێتی سەرجەم ئەو تیرۆر و تەقینەوانەی چەند ساڵی رابردووی لەسەر ساغ بووەتەوە كە لەخوارەوە ئاماژە بە چەند دانەیەكیان دەكەین:

تیرۆری دیپلۆماتكاری سعوودیە لە پاكستان لە مانگی ئایاری ساڵی 2011. داڕشتنی بەرنامەی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتن لە مانگی ئەیلوول/سێپتەمبەری ساڵی 2011 و كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی لە شوباتی ساڵی 2012 لەوانەیش تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوسەری دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیل لە نیودەلهی و ئەنجامدانی تەقینەوە لە جۆرجیا و بەرنامەی تەقاندنەوەی ماڵێك لە بانكۆك كە ژمارەیەك ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تیادا بوو، بەڵام دواجار پلانەكە سەری نەگرت و سەرجەمی ئەو ئەندامانەی یەكەی 400 بۆ ئەو كردەوەیە رەوانەی كردبوون، گیران.



فەرماندەی یەكەی 400
سەردار حامید عەبدوڵاهی، فەرماندەی یەكە 400ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆیە، عەبدوڵاهی لە گەڕەكی شائابادی تاران لەدایك بووە و بەرپرسیارێتی سەرجەم تیرۆرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەستۆیە. بەرلەوەی وەك فەرماندەی یەو یەكەیە دەستنیشان بكرێت، فەرماندەی سوپای پاسدارانی زاهیدان و زابول بووە و لە سەردەمی فەرماندەیی قاسم سلێمانی لە لەشكری 41ی سوپای پاسداران، جێگری سلێمانی بووە و دواتر لەلایەن خامنەییەوە وەك بەرپرسی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستنیشان كراوە.

حامید عەبدوڵاهی لە زۆربەی كردەوە تیرۆریستییەكاندا بەشداری كردووە و وەك فەرماندەی یەكەی 400 بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی سەرجەم كردەوەكانی وەك پلاندانان و كۆكردنەوەی زانیاری و دەستنیشانكردنی شێوازی تیرۆر، هاوكات بەرپرسە لە بەرزكردنەوەی راپۆرت بۆ قاسم سلێمانی و عەلی خامنەیی.

بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە و هاوكات لەگەڵ بوون بە فەرماندەی یەكەی 400، حامید عەبدوڵاهی لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە ناوی خراوەتە ناو لیستی رەشەوە.



مەجید عەلەوی جێگری فەرماندەی یەكەی 400ی سوپای قودسە، لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مەحموود ئەحمەدینەژاد جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بووە و ساڵی 2011 گوازرایەوە بۆ ئەو یەكەیە و بوو بە جێگری حامید عەبدوڵاهی.

* شێوازەكانی تیرۆر
یەكەی 400 كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر پێڕەو دەكات بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانی و زیاترین هەوڵی نەهێشتنەوەی ئاسەوار و جێپێكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەو كردەوانەدا.

- ئەو یەكەیە سوود لە كەسانی ناو دامەزراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەك كۆنسوڵگە و باڵیۆزخانەكان وەردەگرێت بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان و هەر لە رێگەی ئەوانەوە ئامادەكارییان بۆ ئەنجام دەدات و هەندێك جار هەر لەو كەسانەش بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە یان تیرۆركردن كەڵك وەردەگرێت.

- زۆربەی كاتەكان ئەو كەسانە بە فەرماندەیی یەكەی 400 لە ئێران رادەهێندرێن بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی چەك و دانانەوەی بۆمب و تەقەمەنییەكان و بۆ پێدانی زانیاری یان وەرگرتنی ئەركەكانیان راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە و جێگری فەرماندەی ئەو یەكەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات كۆ دەبنەوە، بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، چەند نوێنەرێكی نهێنی هەن كە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسەكان دەكەن.



- بەكارهێنانی كۆمپانیا بازرگانییەكانی سەربە سوپا كارئاسانیان بۆ دەكات بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی یەكەكە لەژێرناوی بازرگان هاتوچۆی دەرەوەی ئێران بكەن و ئامانجەكانیان جێبەجێ بكەن.

- بە قاچاغ بردنی چەكوچۆڵ و تەقەمەنی لە رێگەی كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی وەك كۆمپانیای ئاڕەش، زووبین و كۆمپانیای ئاریا بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی بە ئامانج گیراون.

- دامەزراندنی ناوەندە ئاینییەكان، ناوەندە فەرهەنگی و تەندرووستییەكان لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەندامی خۆجێیی لە وڵاتاندا بۆ یەكەكەیان كۆ بكەنەوە.

- راكێشان و رێكخستنی ئەو كەسانەی بۆ پەروەردەی زانستی ئاین روو دەكەنە ناوەندە ئاینییەكانی وەك حەوزەی زانستی ئاینی شیعە لە شاری "قوم".



بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان یەكەی 400 كۆمەڵێك توانای جیاوازی لەناوخۆیدا كۆ كردووەتەوە و سوود لەو شێواز و كەسانە دەبینێت كە لە خاڵەكانی سەرەوەدا ئاماژەیان پێ دراوە.

ئەو رێوشوێنانە سەرجەمیان بە فەرمان و ئاگەداری فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران "قاسم سلێمانی" و رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، "عەلی خامنەیی" جێبەجێ دەكرێن و پێداویستی كردەوە و چالاكییەكان لەلایەن ناوەندەكانی پێوەندیدار بەو دوو كەسایەتییەوە رێك دەخرێن. و لەدوای ئامادەكارییەكان بە ئیمزای فەرمی خامنەریی یان قاسم سلێمانی تیرۆرەكە ئەنجام دەدرێت.



یەكەی 400ی چالاكییە تایبەتەكان بەو شێوەیە رێك خراوە
* فەرماندەی گشتی یەكەی 400 "حامید عەبدوڵاهی"
* جێگرەوەی فەرماندەی گشتی "مەجید عەلەوی"
* كۆمپانیا بازرگانییەكانی سەر بەو یەكەیە، وەك " كۆمپانیای ئاڕەش، زووبین و كۆمپانیای ئاریا و..."
* دەستەكان: ١- چالاكی ٢- زانیاری ٣- لۆجستیك ٤- هێزی مرۆیی ٥- پارێزگاری زانیارییەكان"
* یەكە ناوچەییەكان: ١- قەوقاز/توركیا ٢- پاكستان ٣- ئەفغانستان ٤- رۆژهەڵاتی دوور ٥- عێراق ٦- ئەوروپا ٧-ئەمەریكا و ئەمەریكای لاتین.

تا ئێستە ئەو یەكەیە لە سەرانسەری جیهان كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوەی ئەنجام داوە و هەمووان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەكانی دەرەوە و ناوچەیی كۆماری ئیسلامی رێك خراون، بەڵام ئەوە تەنیا چالاكی ئەو گرووپە نەبووە و بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی دژبەرە ناوخۆییەكانی سنووری ئێران ئەو تیمە چەندان چالاكی تیرۆریستی لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەنجام داوە.



*سەركردەكانی كورد وەك ئامانجی یەكەكە
كوردی رۆژهەڵات زیاترین زیانیان لەو یەكە تیرۆریستییە بەر كەوتووە و دوای داگیرسانی شەڕی دژی كوردستان بە فەرمانی خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی پیكرد و ئەوەیش بووە هۆكار حزبەكانی رۆژهەڵات بنكە و بارەگاكانیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتەوە ببەنە دەرەوەی سنوورەكان.

یەكەی 400ی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا بەناوی دیپلۆماتكار تیمیكی تیرۆری بۆ ئەو وڵاتە رەوانە كرد و بە بیانووی دانوستان لەسەر چارەسەری دۆزی كورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ د. عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری گشتی حزبی دیموكرات لە "ڤیەنا"ی پایتەخت كۆ بوونەوە و لە كاتی وتووێژكردندا دیپلۆماتكارەكانی كۆماری ئیسلامی چەكەكانیان دەرهێنا و قاسملوو و هاوڕێیانیان تیرۆر كرد.



د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا  لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر و فازیل رەسوڵ مەحموود، لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر كران. دكتور قاسملوو لە كاتێكدا تیرۆر كرا كە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ پرسی كورد لە ئێران و وەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی كورد چوو بووە ئەو دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكانی كاتی تیرۆرەكە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو دۆسیەیە بكەن. ئەم تاوانە لە ناوەندی وڵاتێكی دیموكراتی ئەوروپایدا ئەنجام درا و بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەكەی تا ئێستەش چارە نەكراوە.

د. قاسملوو دوا سەركردەی رۆژهەڵات نەبوو كرا بە ئامانجی ئەو یەكەیە و ئەمجارەیان د. سادق شەڕەفكەندی، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەڵمانیا بووە نێچیری ئەو دەزگە تیرۆریستییە.



١٧ ئەیلوول/ سێپتەمبەری ١٩٩٢ دكتۆر سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ریستۆرانتی میكۆنۆسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و نووری دێكوردی لەلایەن راسپێردراوانی عەلی خامنەیی تیرۆر كران.

تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی تەنیا سێ ساڵ دوای تیرۆركردنی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو رووی دا، بەڵام ئەمجارەیان دادگەی ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتی نەمسا بێ دەنگبوونی لەم تیرۆرە هەڵنەبژارد و بەدواداچوونەكانی بۆ ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیەی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەكار بوبوو.

* ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیە
سەرباری هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرپۆشكردنی ئەو دۆسییەیە، هەرگیز نەیانتوانی وەك كەیسی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو بە ساتوسەوداكردن دەوڵەتی ئەڵمانیا پاشگەز بكەنەوە. سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا پاڵەپەستۆی زۆری بۆ دادگە هێنا بۆ ئەوەی زیاتر رۆ نەچێتە ناو لێكۆڵینەوەكان، بەڵام هەر ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئەوەی پێوەندی دەوڵەتی ئێران و ئەڵمانیا بگاتە خراپترین ئاست لە مێژووی هەردوولا.



تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكایەتیی شاندێكی حزبی دیموكراتی دەكرد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال لە بەرلین و چەند كاتژمێرێك دوای كۆتایی كۆبوونەوەكە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی لە نەتەوەكانی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریستۆرانتی میكۆنۆس كۆ بووبوونەوە.

لە دادگەییەكەدا كەسێك كە پێشتر ئەندام بووە لە ئیتڵاعاتی ئێران، بە پاڵپشتی ئەبوحەسەن بەنیسەدر "یەكەم سەرۆك كۆماری ئێران كە دواتر بەرەو ئەوروپا رای كرد" و گەرەنتی دادگەی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی ژیانی، وەك شایەت لە دادگەییەكەدا ئامادە بوو. ئەو كەسە كە ناوی لە دادگەی میكۆنۆس پارێزراوە، دانی بەوە نا كە خۆی پێشتر ئەندامی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بووە و شایەتی لەسەر ئەوە دا كە شێوازی داڕشتنی تیرۆرەكە بە باشی دەناسێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی وەزارەتی ئیتڵاعات لە دادگە كۆمیتەیەكی شاراوەی تیرۆری ئێرانی ئاشكرا كرد كە بەرپرسیاری سەرجەم تیرۆرەكانی دەرەوەی وڵاتیان لە ئەستۆ بوو كە پێك هاتبوون لە رێبەری ئێران و سەركۆمار و وەزیری ئیتڵاعات و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ یەكەمجار ناوی یەكەی 400ی لە دەرەوەی رێكخستنی سوپای قودس ئاشكرا كرد

دوا بەدوای ئەو شایەتییە دادگەی ئەڵمانیا بەرپرسانی باڵای ئێران، لە سەرووی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی وەك ئەنجامدەرانی تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی بە تاوانبار ناوبرد



تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی دوا كاری تیرۆری سیاسی نەبوو لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵكو هەروەك شایەتەكەی دادگەی میكۆنۆس ئاشكرای كرد، كۆمیتەیەكی تایبەت لەناو یەكەی 400 بە سەرپەرشتی سەركردە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی پێك هاتبوو بۆ لەناوبردن و تیرۆری ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی كاریگەریان لەسەر رای گشتی ناوخۆی ئێران هەبوو و لە سەرووی هەمووان دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو و شاپووری بەختیار بوون.

شاپووری بەختیار سكرتێری گشتیی "حزبی ئێران" دوا سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی شای ئێران بوو كە پاش رووخانی رژێمی شای ئێران لە چوارچێوەی "نیهزەتی مقاومەتی میلی" دژایەتی خۆی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێدا و ساڵی ١٩٨٠ هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩١ جارێكی تر لە پاریس لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرش كرایە سەری و تیرۆر كرا. هەر ئەوكات میدیاكان بەرپرسیاری هەردوو هێرشەكەیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام حكوومەتی فڕەنسا هاوشێوەی كەیسی تیرۆری دكتۆر قاسملو لە نەمسا، ئەو تاوانەی پەردەپۆش كرد و كەیسەكەی بە نهێنی هێشتەوە.

ئەو یەكەیە لە عێراق چەندان كەسایەتی و دیپلۆماتی وڵاتانی دەرەوە و ناوخۆی عێراقی بە ئامانج گرتووە و دوا هەوڵی یەكەی 400 وەك وەزارەتی بەرگری سعوودیە ئاماژەی پێدا، پلاندانان بوو بۆ هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵدا بڵاوی كردەوە كە تیمی تیرۆری هێزی قودسی سوپای پاسداران بە نیازی تیرۆركردنی سامر سوبهان باڵیۆزی پێشووی سعوودیە بوون لە بەغدا، لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەكەی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر دەزگەی تەناهی سعوودیە زانیاری هەبووە، رێگەیان نەداوە سوبهان بەو ئۆتۆمبیلە بڕواتە فڕۆكەخانە و تیمەكە هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك كە تەنیا شۆفێرێكی تێدا بووە.


وشە - هیدایه‌ت جان