بزووتنەوە و یەكگرتوو جارێكی تر هەوڵی یەكخستنی حزبە ئیسلامییەكان دەدەن
بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بژاردەی یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامییەكان تاوتوێ دەكەن و جارێكی تر ئەو پرسە دەخەنەوە ڕوو، ئەوەیش دوای ئەوەی كە لە ماوەی ڕابردوو ئەو هەوڵەیان شكستی هێنا.
زیاتر لە چەند ساڵێكە هەرسێ حزبە ئیسلامییەكەی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوون لە یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەوە هەوڵی ڕێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامییەكان دەدەن، بەڵام ناتوانن لەم بارەیەوە هەنگاو بنێن و بەشێكیش لە كادیر و لایەنگرانی ئەو حزبانە كۆمەڵی ئیسلامی تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە نایەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو دوو حزبە ئیسلامییەی تر ببەستێ.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتییان لەسەر پێویستی سەرخستنی پڕۆژەی یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامی كوردستان و برەودان بەو پڕۆژەیە كردووە.
هاوكات د.عەبدوڵا وەرتێ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە بزووتنەوە بەردەوام هەوڵی یەكخستنی ناوماڵی ئیسلامییەكانی داوە و ئەو كارەیش بە پێویست دەزانن.
ڕوونیشی كردەوە كە كادر و لایەنگری حزبە ئیسلامییەكان لە هەرێمی كوردستان پێویستییان بە یەكگوتاری هەیە و پێویستە هەوڵ بدرێت بە هەموو لایەك ئەو پڕۆژەیە سەربخرێت.
پێشتر بەشێك لە سەركردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی دژی پڕۆژەی یەكخستنی حزبە ئیسلامییەكان لێدوانییان داوە و بەردەوامیش لەلایەن بزووتنەوە و یەكگرتووەوە ڕەخنە ئاراستەی كۆمەڵی ئیسلامی كراوە كە نایەوێت حزبە ئیسلامییەكان یەكگوتار و پەیامییان هەبێت.
وشە -
سهرخێڵ هاشم