توێژەرێك: چارەسەری كیمیایی شێرپەنجە كارەساتە

:: PM:07:13:14/03/2018 ‌

توێژەرێكی میسری وریایی لە پەنابردن بۆ چارەسەری كیمیایی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دەدات و بە كارەساتی لەقەڵەم دەدات، لەو كاتەی ئەو دەڵێت كە چارەسەركردن بە گەردیلەی زێڕ باشترە.

د. مستەفا سەید، ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمینداران لە زانكۆی بەریتانی لە قاهیرە و مامۆستای نانۆتكنۆلۆجی لە پەیمانگەی جۆرجیا بۆ تەكنۆلۆجیا لە ئەمەریكا لەو بارەوە گوتی، بە هەموو پێوەرەكان چارەسەركردنی كیمیایی نەخۆشی شێرپەنجە كارەساتە بۆ تەندروستی مرۆڤ، چونكە ئەو چارەسەرییە خانە شێرپەنجەییەكان و ئەوانەیشی ئاساییە لە لەشی نەخۆش لەناو دەبات، وەك رۆژنامەی "سەوت ئەلئومە"ی میسری بڵاوی كردەوە.

ئەو دكتۆرە ئاماژە دەكات كە ئەو كاتەی نەخۆشی شێرپەنجە بە رێگەی كیمیایی چارەسەر دەكرێت، لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تری لەش دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەكە.

روونی كردەوە كە چارەسەركردنی شێرپەنجە بە زێڕ بژارەیەكی باشترە، چونكە زێڕ لەگەڵ لەش كارلێك ناكات، بەتایبەتی كاتێك هەر مادەیەك پارچە دەكرێت لە رووی كیمیایی و شێوەكەیەوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام زێڕ ناگۆڕێت و چالاكتر دەبێت و ئەوەیش ئەگەری هەیە كە شێرپەنجەكە بە تەواوەتی لەناو ببات.

سەید روونی كردەوە، چارەسەركردنی بە گەردیلەكانی زێڕ دوای تاقیكردنەوەی لەسەر مشك لە تاقیگە هیچ كارلێك و كاریگەرییەكی لابەلای لە قۆناغی یەكەم لێ نەكەوتەوە و هیچ گۆڕانكارییەكی لە تایبەتمەندییەكانی لێ روو نەدا و لە قۆناغی دووەمیش هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر مشكەكە نەبووە، هەروەها ئەو چارەسەرییە نوێیە هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر مووی لەشی مشكەكە نەبووە، بەهۆی نەبوونی هیچ توخمێكی كیمیایی كە چووبێتە ناو لەشی نەخۆشەكە. بۆیە چارەسەرییەكە بە تیشكێك دەبێت كە تەنیا كارلێك لەگەڵ گەردیلەكانی زێڕەكە دەكات كە گەرمیان دەكات و ئەوانیش خانە شێرپەنجییەكە دەستووتێنن.

سەرچاوە: سپۆتنیك




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل