ئەسەسەرد: ترس هەیە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی ببێت بە كۆنگرەی پەرتەوازەیی

:: PM:08:41:14/03/2018 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند كە ترس هەیە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی ببێت بە كۆنگرەی پەرتەوازەیی حزبەكە، بەڵام ناكرێت بە گەورەكردنی ئەو پاساوە كۆنگرە زیاتر دوا بخرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتی بەستنی كۆنگرە دواكەوتووە، بەڵام دەبێت ددان بەوەدا بنێین كە كۆمەڵێك كێشە لە ناو سەركردایەتی یەكێتی هەیە هەر ئەو كێشانەیش بوونەتە هۆی ئەوەی كۆنگرە نەبەسترێت.

" لە ناو سەركردایەتی یەكێتی پێشنیاز و بیرۆكەیەك هەیە سەبارەت بەوەی ‌كە ئەگەر ئێستە نەتوانین كۆنگرە ببەستین ئەوا دەرفەتێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكەین و بەو كێشانەوە نەچینە كۆنگرە". ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وای گوت.

ڕوونیشی كردەوە كە كۆنگرە دوا خراوە بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق داوا كراوە كە كۆبونەوەی سەركردایەتی بكرێت و باس لەو بابەیە بكرێت لەو كۆبوونەوەیەشدا ئەنجوومەنی ناوەند بەشدار بێت.

ئەسەسەرد دەڵێ، زۆر پشتگیری ئەو بۆچوونانە ناكەم كە بە نیگەرانییەوە باس لە كۆنگرە دەكەن. ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە " ڕاستە لەناو یەكێتی كێشەمان هەیە، بەڵام دەتوانین كارێكی وا بكەین بەشێكی گرنگ لە كێشەكان چارەسەر بكەین".

هەروەك ئاشكراشیكرد كە ترسی ئەوە هەیە كۆنگرەكە ببێتە كۆنگرەی پەرتەوازەیی، بەڵام گەورەكردنی ئەو ترسە پاساو نییە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت كۆنگرە زیاتر دوا بخرێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بەدەست چەندان كێشەی ناوخۆییەوە گیرۆدە بووە و سەركردایەتی ئەو حزبەیش ناتوانن بڕیار لەبارەی بەستنی كۆنگرەوە بدەن، بۆیە چەندان جارە بەستنی كۆنگرە دوا دەخرێت، هاوكات باس لەوە دەكرێت كە بنەماڵەی تاڵەبانی دەیانەوێ‌ كۆنگرەیەكی ئارەزوومەندانی خۆیان ببەستن و تەواوی جومگەكانی یەكێتی كۆنترۆڵ بكەن.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم