ئاڵا تاڵەبانی: شانازی بە خیانەتكردنم دەكەم

:: AM:10:26:15/03/2018 ‌

ئاڵا تاڵەبانی كە بە "ئاڵا ئەسەدی"ش ناسراوە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دووپات لەوە دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێ لە پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و هێما بۆ ئەوەیش دەكات، كە ئەو شانازی دەكات بەوەی خیانەتی لە گەلی كورد كردووە.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو كراوەتەوە، ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەردەوام دەبم لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، دەمەوێ هەمووتان بزانن كە بۆچی ناویان لێ ناوم "ئاڵا تاڵەبانی خاین"، ئەگەر باوەڕبوونم بە یەكپارچەیی عێراق بە خیانەت دەزانن، من شانازی بەو خیانەتە دەكەم.

ئەو قسانەی ئاڵا تاڵەبانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگدانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆر لە هاووڵاتییانی كوردستان بە توندی هێرشی دەكەنە سەر و دەپرسن، "یەكێتی عەرەبێكی بۆ پەرلەمان هەڵبژاردووە". هەندێكی تر دەڵێن، "عەرەب وەك تۆ دڵسۆز نین بۆ عێراقی فاشیل".

ئاڵا تاڵەبانی پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەردەوام لەگەڵ شیعەكان دژایەتی ئەو پڕۆژە یاسایانەی دەكرد كە لە بەرژەوەندیی كورد بوون، هاوكات لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیش لە ماوەی پێشوودا، خۆی و بنەماڵەكەی بە شیعەكانەوە بەستەوە و گوتی، ئێمەی تاڵەبانی لە بنەڕەتدا سەر بە عەشیرەتی ئەسەدین كە هۆزێكی شیعەی عێراقن، بۆیە زۆر لە خەڵك بە "ئاڵا ئەسەدی" ناوی دەبەن.





وشە - باز ئه‌حمه‌د