لیستێكی نوێی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:07:01:15/03/2018 ‌

بڕیارە سەرەتایی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستێكی نوێی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاو بكاتەوە و یەكەم وەزارەتیش پەروەردە دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی ئادار/ مارس، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستێكی نوێی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاو دەكرێتەوە و سەرەتایش مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت و بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران دەكەوێتە دوای جەژنی نەورۆز.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، ڕۆژی یەكشەم و دووشەم مووچەی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش دەكرێت و پێشبینیش دەكرێت چەند وەزارەتێكی تر دابەش بكرێت ئەوەی تر كە دەمێنێتەوە دەكەوێت دوای جەژنی نەورۆز.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوەیش كردەوە لە پێش هاتنی جەژنی نەورۆز بڕە پارەیەك بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرن.

لە ساڵی 2014ـەوە دوای ئەوەی لەلایەن بەغداوە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا، كوردستان تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە، بەوهۆیەوە چەندان مانگ دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە و ئێستەیش بە سیستەمی پاشەكەوت و گێڕانەوەی بەشێك لە مووچەی كارمەندان مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد