كاتی كردنه‌وه‌ی ڕێی هەولێر - كەركووك ڕاگه‌یه‌نرا

:: AM:11:44:18/03/2018 ‌
بڕیارە سبەی دووشه‌م سوپای عێراق بەشێوەیەكی فەرمی ڕێی هەولێر - كەركووك بكاتەوە و بەرپرسێكی پۆلیس دەڵێت، ڕێوڕەسمێك بۆ ئەو مەبەستە ساز دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی ئادار/مارس، نەقیب بەكر حەسەن ئەفسەری هاتوچۆ لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كردنەوەی ڕێی هەولێر - كەركووك هەموو شتێكی بەكۆتا هاتووە و سبەی دووشەم دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی، پۆلیسی هاتوچۆ دیاری كراوە، بۆ ئەو ڕێیە و بڕیارە سبەی سەعات 10 لە ڕێوڕەسمێك بە فەرمی شەقامەكە بكرێتەوە.

ئاماژەی دا، بەهۆی زۆری هاتوچۆ لەسەر ئەو ڕێیە بەشێوەی كاتی پردەكان چاك كراونەتەوە دوای نەورۆز بەتەواوی دەكرێتەوە و ئێستە كردنەوەكە كاتییە و دوای نەورۆز چاك دەكرێنەوە.

دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و پێشڕەوی میلیشیاكان بە هاوكاری هێزەكانی سەر بەو گرووپە ناپاكەی ناو یەكێتی، پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ ڕووبەڕووی میلیشیاكان بوونەوە و داستانی پردێیان لە مێژووی نوێ گەلی كوردستان تۆمار كرد و پەندێكی گەورەیان بە میلیشیاكان دا، تا چیتر بەرەو كوردستان پێشڕەوی نەكەن، ئەوەیشی لە كەركووك بەدەستیان هێناوە بە خیانەت بووە، دەنا پێشمەرگە و كوردستان هێزێكی ئەوەندە ئاسان نین، تا ببەزێنرێن، بەوهۆیەوە لە سنووری پردێ ڕێی نێوان هەولێر – كەركووك، خۆڵی لێ ڕوو كرا و سەنگەری لێ دانرا، لە ماوەی ڕابردوو پێشمەرگەی كوردستان ڕێیەكەیان كردەوە، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی و عێراق تا ئێستەیش لەلایەنی خۆیانەوە، ڕێیەكەیان بە داخراوی هێشتووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد