لە سلێمانی پیاوێك لەبەر ئامۆزاكەی ژنەكەی و سێ منداڵی جێدێڵێت

:: PM:11:02:18/03/2018 ‌

پێاوێك لە سلێمانی دوای ١٥ ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، ژنەكەی و سێ منداڵی جێدێڵێت، بە نهێنی هاوسەرگیری لەگەل كچی مامیدا دەكات، كاتێك ئەو هاوسەرگیرییە ئاشكرا دەبێت، ژنەكەی لێی جیا دەبێتەوە و ئێستە ئەو ژنە لەگەڵ منداڵەكانی بەتەنیا دەژین و باوكی منداڵەكانیشی لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژی، ئەو ژنە دەڵێت ئەگەر هاوسەری پێشوی ببێت بە ئاوی حەیاتیش ناچێت بە قورگیدا و منداڵەكانیش نایانەوێت باوكیان ببینن.

(خەندە)، ناوی راستەقینەی ئەو  ژنەیە كە دوای ١٥ ساڵ لە پێكەوەبوون و بینینی خۆشی و ناخۆشی هاوسەرەكەی بۆ كچی مامەكەی ناپاكی لێ دەكات، دوو كوڕ و كچێكیش بێ باوك دەكات، ئەو ئێستە لەگەل منداڵەكانی دەژیت و دەڵیت رۆڵی دایك و باوكیش بۆ منداڵەكانی دەبینێت  و پەشیمانیش نییە لەوەی جیابووەتەوە، خەندە باسی جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، ئەگەر پیاویك وەفای بۆ ژن و سێ منداڵەكەی نەبێت كە لە گۆشت و خوێنی ئەون، بێگومان شەرەفی ئەوی پێ نادرێت بە باوك ناوی ببرێت، بۆیە هەر شایەنی ئەوەیە بە ناپاكی بمێنێتەوە و بژی.

ژیانمان وەك هەموو خێزانێكی تربوو و خۆشی و ناخۆشیشمان هەبوو، بەڵام لە هیچمان كەم نەبوو و لە ڕووی ئابوورییەوە كێشەمان نەبوو دوو كوڕ و كچیێكمان هەبوو زۆر بەختەوەر بووین، تەنیا یەكجاریش نەوزادی باوكی منداڵەكان گلەییەكی لە من و  ژنبوونی من و هچ شتێكم نەكردبوو، بۆیە كاتێك زانیم بەدزی من ژنی مارە كردووە شۆك بووم، مرۆڤ هەمیشە ئەو شتانە دەی تاسێنن كە پێشبینیان ناكات.

خەندە باس لەو پێوەندی نەوزاد و هاوسەرە تازەكەی دەكات، نێوانیان لەگەڵ مالی نەوزاد رێك نەبوو، خەسووم زۆر چارەی ژنی مامی نەوزاد و كچەكانی نەدەویست هەمیشە لەلای من بە خراپ باسی دەكردن، بەڵام خەزوورم  و نەوزاد بە پێچەوانەوە بوو و زۆر پێوەندیان باش بوو لەگەڵیان و هەمیشەیش ڕووبەڕووی خەسووم دەبوونەوە لەبەر ئەوان، لە كۆتایشدا ئەوەی خەسووم لێی دەترسا ڕووی دا.

خەندە ئاماژە بەوە دەكات، خەسووی چەندجارێك لە هەڵسوكەوتی كچی مامەكانی نەوزاد ئاگەداری كردووەتەوە و پێێ گوتووە، ئەگەر ئاگەدار نەبێت بە ناز و مەكر مێردەكەت لەدەست دەردێنن، بەڵام ئەو گوێی بەو قسانەی خەسووی نەداوە، تا ئەو كاتەی خەسووی هەواڵی مارەبڕینی هاوسەرەكەی و شۆخانی كچی مامی نەوزادی بۆ دێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە خەسووی خەندە پێی گوتووە، نەوزاد لەگەڵ باوكی و براگەورەكەیدا چووە بۆ داوای شۆخان و بەبێ ئاگەداری خێزانەكەی هەر ئەو كاتە مارەی كردووە، كاتێك خەندان بەو هاوسەرگیرییە دەزانێت، سێ ڕۆژ بەسەر مارەكردنەكە تێدەپەڕێت، ئەو كاتەیش نەوزاد پێی دەڵێت ژنی هێناوە و پەشیمانیش نییە و ئامادەیش نییە لێێ جیا ببێتەوە، هەر بۆیە خەندە بڕیاری جیابوونەوە دەدات لە نەوزاد.

خەندە دەڵێت سەرەتا بە هەموو جۆرێك نەوزاد جیابوونەوەیانی ڕەت كردووەتەوە، سەرەڕای ڕەتكردنەوەیش چەند جار بەهۆی دەمەقاڵییانەوە لەسەر ئەو بابەتە هێرشی كردووەتە سەری و زۆر بە خراپی لێی داوە، دوای ئەوەی چەندجارێك نەوازد زۆر بە دڕندەیی لە خەندە دەدات، خەسووی رێنوێنی دەكات كە بچێتە نەخۆشخانە و بەڵگەنامەی پزیشكی دادی بكات، هەر لەو رێَگەیەشەوە داوای جیابوونەوە  لە دادگە تۆمار بكات.

لە ڕێگەی دادگەوە خەندە لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە و دادگەیش ئەركی پەروەردەكردنی منداڵەكان دەخاتە ئەستۆی خەندە، ئەو باس لەوە دەكات لە دوای جیابوونەوەیان جگە لە خەسووی پێوەندی بە هیچ یەك لە كەسوكاری نەوزادەوە نەماوە، بەڵام رێگەی هەبوونی پێوەندی لە نێوان هاوسەرەكەی و منداڵەكانی لێ نەگرتووە، بەڵام منداڵەكانی نایانەوێت باوكیان ببینن، بەتایبەت دوو كوڕەكەی كە تەمەنی گەورەكەیان ١٤ ساڵ و ئەویتریان ١١ ساڵە.

خەندە لە دوا قەسەیدا گوتی، ژن كاتێك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە ناپاكیی بەرامبەر دەكرێت، هەندێكجار لەپێناوی مندال یاخود ئەو رۆژگارەی لە تاڵ و شیرینی بەڕێیان كردووە دەتوانێت لێی ببورێت، بەڵام كاتێك ناپاكیی دەگات بە ڕادەی سووكایەتی پێكردن و كوشتنی كەسایەتی، ئەوكات چاوپۆشیكردن بە مانای ڕادەستبوون دێت بە كوشتنی كەسێكی گەورە لەناو بوونی خۆتدا كە ژنبوون  و مانای دایكبوونە، هەر بۆیە من داوا لە هەموو ژنێك دەكەم هیچكات ئەو جۆرە ناپاكییە قبووڵ نەكەن، چونكە ئازاری جیابوونەوە هەرچەند گەورە بێت، هێشتە ئازاری قبووڵكردن كوشندەترە. 

ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل