کورد و دژە فاشیستەکانی ئەڵمانیا هاوپه‌یمانی دژی تورکیا پێکدەهێنن

:: AM:11:33:19/03/2018 ‌

لە دوای ئەوەی تورکیا دەستی بە هێرشکردن و داگیرکردنی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کرد، کوردەکانی ئەڵمانیا چالاکی و خۆپێشاندانەکانیان زۆرتر کردووە و تەنانەت بۆ دژایەتیکردنی تورکە رەگەزپەرستەکان و فاشیزم هاوپەیمانیەتیان لەگەڵ لایەنە دژە فاشیستەکانی ئەوروپا و ئەڵمانیا پێکهێناوە و چەندان جاریش هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی سەر بە تورکیا لە ئەڵمانیا و هەموو ئەو رووداوانەش بوونەتە مایەی نیگەرانی پۆلیسی ئەڵمانیا.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا ژمارەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر دامەزراوە و بانکەکانی تورکیا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەرپرسانی تەناهی ئەڵمانیاش دەڵێن کوردەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەو گرووپانەی بە دژەفاشیست ناسراون هاوپەیمانیەتیان پێکهێناوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا کە پاڵەپەستۆی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین زیاتر دەبوو لە ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیاش بە تایبەتی خەڵکی کورد ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان بەرفراوانتر کرد و کار گەیشتووەتە ئەوەی سبەی سێشەم 20ی ئادار/مارس لە نووسینگەی راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

بە پێی راپۆرتێک لە چەند مانگی رابردوودا ئاماری هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە و بانکە تورکییەکان لە لایەک و نووسینگەی حزبەکانی سۆسیال دیموکرات و دیموکرات مەسیحی زیادیان کردووە. ماڵپەڕێکی کوردیش لە ئەڵمانیا بڵاوی کردبووەوە ئەگەر عەفرین لە لایەن تورکیاوە داگیر بکرێت ئەوا وەرزێکی نوێ لە خەبات دەست پێ دەکەن.

دوێنێ یەکشەم 18ی مانگی ئادار/مارس، دوای 58 رۆژ لە بەرگری قارەمانانەی کورد، ئەو شارە لە لایەن سوپای تورکیا بە هاوکاری گرووپەکانی سوپای ئازاد، بەرەی نوسره‌ و داعش داگیر کرا و وەک لە ئاڵاکان دەردەکەوت دروشمی ئیسلامی بەسەر ئاڵاکانیان دیار بوو و هەر لەیەکەم هەنگاویان دوای چوونەژوورەوەی شارەکە پەیکەر و هێماکانیان لەناو برد و دەستیان بە تاڵانی دووکان و بازاڕەکان کرد، دیمەنێک کە خەڵکی کوردی لە هەموو شوێنێک تووڕە کرد.

بە گوێرەی DW  پۆلیسی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیەتی نێوان کورد و هێزە دژەفاشیستییەکانی ئەو وڵاتە نیگەرانن. شتفان مایەر راوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە شپیگڵی راگەیاند زیاتر لە هەموو تویژێک گەنجەکانی ئەورووپا لە ژێر کاریگەری ئەم هاوپەیمانیەتییەدان و کاریان بۆ دەکەن. بۆ نموونە لقی گەنجانی یەکێک لەو دامەزراوە کوردییانە لە دوو مانگی رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر 26 مزگەوتی ئەڵمانیا کە لەو مزگەوتانە 18 دانەیان هیی "یەکێتی تورکی-ئیسلامی بۆ کاروباری ئایینی"ن و لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.

دژە فاشیستەکانی ئەڵمانیا پێیان وایە تورکیا لە رێگەی دامەزراوەکانی خۆی لە ئەڵمانیا هەوڵی توندوتیژی و سەپاندنی ئایین و بەهاکانی تورکیا دەدات و یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی تیرۆر لە ئەوروپا دەخەنە پاڵ حکوومەتی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان.

پێویستە بگوترێت حکوومەتی ئەڵمانیاش لەم هەنگاوانەی تورکیا باش ئاگادارە، بەڵام بە ئاشکرا ناتوانێت دژایەتیان بکات، چونکە ئەو تورکانەی رەگەزنامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە و لە ژێر کاریگەری تورکە فاشیستەکان دان ژمارەیان بەرچاوە. حکوومەتی ئەڵمانیا ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا هەیە و یەکیک لە گرنگترین ئەو ناکۆکییانەش جگە لە پرسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بریتییە لەو دەستێوەردانانەی تورکیا لە ئەڵمانیا دەیکات و دەیەوێت لە رێگەی تورکەکانەوە پەرە بە توندوتیژی و دیکتاتۆریەت و بەها رەگەزپەرستییەکان لە ئەڵمانیا بدات. ئەڵمانیا خۆی قوربانیی رەگەزپەرستی و فاشیزمە  و هیتلەر رۆڵی گەورەی هەبوو لە پاشخستنی ئەڵمانیا.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتی باڵویزی ئەڵمانیا لە تورکیای کرد و لەوەی ئەڵمانیا نەیتوانیوە بە باشی پاریزگاری لە دامەزراوەکانی سەر بە تورکیا بکات لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرد.

لەو کاتەوە هێرش بۆ سەر عەفرین دەستی پێ کردووە لە شار و شارۆکەکانی ئەوروپا خۆپێشاندانیش درێژەی هەبووە. دوایین خۆپێشاندانی گەورە لە هانوڤەر بوو کە رۆژی شەموو کرا و تیایدا 11 هەزار کەس بەشداریان کرد. پۆلیس خۆپێشاندانەکەی بە خۆپێشاندانێکی هێمنانە هەژمار کرد سەرەڕای ئەوەی کە رێگری لە هەڵگرتنی بەشێک لە پۆستەرەکان کرد کە لایەنگریان لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرد.

لە ئەڵمانیا چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان قەدەغە کراون و بۆیەش هەڵگرتنی وێنەی رێبەرانیشیان قەدەغەیە.

لە ئەڵمانیا هیچ کاتێک سەرژمێری لەسەر جۆری نەتەوە نەکراوە و هەموو کەسێک کە رەگەزنامەی ئەڵمانیای وەرگرتبێت ئەوا ئەڵمانییە و لە هیچ شوێنێک ناوی نەتەوەکان پۆلێن بەندی ناکرێن. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان ژمارەی کورد لە ئەڵمانیا لە نێوان 600 هه‌زار تا ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌س ده‌بێ.





وشە - سلێمان تاشان