سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

:: PM:08:47:19/03/2018 ‌

دوای بڵاو كردنەوەی لیستی مووچە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پێوەندییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بەشێك لەو لیستە مووچەیان وەرگرت و بەشێكی تریش لە داودەزگەكان وەرگرتنی مووچەكانیان كەوتە سبەی.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئادار، بە گوێرەی زانیارییەكانی "وشە" سبەی مووچەی چەند وەزارەتێك لە تەواوكاری لیستی مووچەی ئەمڕۆ بە فەرمانبەران دەدرێت كە بریتین لەپێدانی تەواوكاری مووچە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و زیندانیانی سیاسی.

هاوكات وەزارەتی تەندروستیش بەهۆی زۆری مووچەخۆرانی ئەمڕۆ نەتوانراوە بە تەواوی مووچەكانیان وەربگرن هەرچەندە تا سەعات پێنجی ئێوارە لە نەخۆشخانەكانی دەوام هەبووە، هەروەها سبەی مووچەی شارەوانی و گەشتوگوزار دابەش دەكرێت.

ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە شەوی ڕابردوو بڵاو كرایەوە تیایدا هاتبوو، رۆژی سێشەم سەرەڕای ئەوەی پشووی فەرمییە، بەڵام دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت و دوای پشوی جەژنی نەورۆز مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی تر دابەش دەكرێت.

بەپێی ئەو لیستەی بڵاو كراوەتەوە مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە دوای ناردنی بڕی زیاتر لە 300 ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە.

  1. لێرە وردەكاری و چۆنییەتی خەرجكردنی ئەوپارەی لەلایەن بەغداوە نێردراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران بخوێننەوە.




وشە - رامیار جەواد