میسی سیستەمی خواردنی رۆژنامەی ئاشكرا دەكات
لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیپسانی دانی بەوەدانا لە ماوەی رابردوودا سیستەمی خواردنی زۆر خراپ بوو و ئەمەش كاریگەری خراپی كردبووە سەر ئاستی یاریكردنی لەنێو یاریگەدا.
میسی ئاشكرای كرد كە شیرینییەكان بەشێوەی گشتی و شكۆلاتە یەكێك بوو لە خواردنە سەرەكییەكانی رۆژانەی، بەڵام ئێستا بەیەكجاری تەركی كردوون و زۆر بەدەگمەن و بە بەرنامەی داڕێژراو دەیانخوات.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: میسی رۆژانە هەموو شتێك دەخوات، بەڵام بەشێوەی رێكوپێك و بە بەرنامە داڕێژراو و ئەمە وای كردووە لەنێو یاریگە باشتر دەربكەوێ وەك لە رابردوودا.
میسی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: پێشتر لە ماڵەوە و ناو یاریگە هەموو شتێكم دەخوارد بەشێوەیەكی زۆر خراپ بەتایبەتیش لە تەمەنی 22 و 23 ساڵی، بەڵام ئێستا وازم لەم خواردنە خراپانە هێناوە و تەنانەت بیریشیان لێ ناكەمەوە.
زیاتر گوتی: پێشتر شكۆلاتە و شیرنەمەنییەكان و خواردنەوە گازییەكانم بەشێوەی زۆر دەخوارد، ئێستا خواردنەكانم رێكخستووە و ماسی و گۆشت و سەوزەوات زۆر دەخۆم، بەشێوەیەكی گشتی هەموو شتێك دەخۆم، بەڵام بە بەرنامە.
میسی دانی بەوەشدانا كە دوای گۆڕینی سیستەمی خواردنی بە ئاشكرا هەستی بە باشبوون كردووە و ئێستا بەهیچ شێوەیەك سك ئێشە و سەرسوڕەی نەماوە.
جێی باسە میسی پێشتر لە زۆربەی یارییەكانی یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەستی بە سك ئێشە و سەرسوڕە دەكرد، دوای ئەمە بە رێنمایی دكتۆرەكان سیستەمی خواردنی گۆڕی و ئێستاش رۆژ دوای رۆژ سەرەڕای گەورەبوونی تەمەنی ئاستی یاریكردنی باشتر دەبێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم