چۆن بە مۆمی ناو گوێ دەزانیت چ نەخۆشییەكت هەیە؟

:: PM:03:00:20/03/2018 ‌

زۆرێك لە ئێمە دەربارەی ناوەوەی گوێیەكان زانیاریمان نییە تەنیا بیر لە پاككردنەوەی دەكەینەوە، بەڵام ڕەنگی مۆمی گوێ‌ چەندان زانیاری دەربارەی تەندروستی لەش ئاشكرا دەكات بەتایبەتی كاتێك لەش تووشی گرفتێك دەبێت، لە خوارەوە زانیاری ورد لەوبارەوە دەخەینەڕوو.

رۆڵی گرنگی مۆمی گوێ‌ چییە
مۆمی گوێ‌ پێك هاتووە لە ماددەیەكی زەرد و تاڵ، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە پارێزگاری كردنی سیستەمی بەرگری سروشتی لەش، چونكە  گوێیەكان دەپارێزێت لە چوونە ناوەوەی ئاو و ڕێگە لە هەوكردن دەگرێت. مۆمی گوێ‌ هەندێَك كات تەڕٍ دەبێت و هەندێك كات وشكە بەپێی كەسەكە و لەشی ئەو كەسە دەگۆڕێت.

شێوازی دەردانی مۆمی گوێیەكان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، لە هەندێك كەسدا بە شێوەیەكی زۆر و چڕ دەردەدرێت و لە هەبوونی هەر كێشەیەك لە دەردانی مۆمی گوێیەكاندا پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، بۆ وەرگرتنی ئەو زانیاریانەی كە پێویستە دەربارەی گوێیەكان بزانرێت. وەكو گوێ‌ ئێشە، پێویستە لەكاتی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشك بكرێت، لە دەستدانی هەستی بیستن، پڕبوونی گوێیەكان بەمۆمی گوێ‌، زرنگانەوە یان ژاوەژاوی گوێیەكان، دروستبوونی بۆن یان نەمانی مۆمی گوێیەكان، كۆكینی بەردەوام.

مۆمی گوێیەكان چی دەربارەی تەندروستی لەش ئاشكرا دەكەن
یەكەم: ڕەنگ، ڕەنگی مۆمی گوێ‌ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ، بەڵام دەبێت رەنگەكان سروشتی بن، ئەگەر سروشتی نەبوو ئەوە گۆڕینی ئەو ڕەنگانە بۆ گرفتی تەندروستی دەگەڕێتەوە، زۆركات ئەگەر لەش تەندروست بێت ڕەنگی مۆمی گوێ‌ پرتەقاڵییەكی ڕووناك یان قاوەیەكی تۆخ دەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ڕەنگی گۆڕا بۆ زەرد، سەوز، سپی، یان ڕەش ئەوە نیشانەی هەوكردنی گوێیەكانە و پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.

دووەم: دروستبوونی بۆن، مۆمی گوێیەكان بێ‌ بۆنن، بەڵام ئەگەر هاتوو بۆن دروستبوو بەهەمان شێوە نیشانەیەكە بۆ هەوكردن لە لەش دا.

سێیەم: وشكبوونەوەی گوێیەكان، پەڕەی گوێیەكان وشك دەبێتەوە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی بە لەشدا هەیە، وەكو نەخۆشی بیرۆ و نەخۆشی سەدەف، هەرچەندە ئەم نیشانەیە باو نییە و كەمتر ڕوو دەدات.

چوارەم: خورانی گوێیەكان، ڕووشانی گوێیەكان یان خورانی یەك جار یان ماوەیەك هۆكار نییە، بۆ گرفتێك لە گوێیەكان، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی بخورێت و ڕووشان دروست بكات ئەوە نیشانەیەكە بۆ هەوكردنی گوێیەكان.



وشە - ئاوات ئازاد