پارێزگاره عه‌ره‌به‌كه‌ی كه‌ركووك كه له ئه‌نجامی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، به توندی هێرش ده‌كاته سه‌ر لاهور جه‌نگی و ده‌ڵێ، قسه‌كانی له هی كه‌سێكی سیاسی و ئه‌منی ناچێ و به‌شێوازێكی بێ ڕه‌وشتانه ئه‌و گوتانه‌ی ده‌ربڕیووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بیانووێكی هه‌بێت.
دوێنێ سێشه‌م لاهور جه‌نگی له كه‌ركووك به شێوازێكی دوور له ئه‌ته‌كێتی قسه‌كردن، بۆ خه‌ڵك ده‌داو و به گه‌نجانی كه‌ركووكی ده‌گوت، ئێمه كه‌ركووك ده‌پارێزین و ناڕۆینه‌وه، به‌ڵام سه‌عاتێك دوای ئه‌وه شاره‌كه‌ی به‌جێهێشت و گه‌نجانی كه‌ركووكیش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه تیرۆره‌وه په‌لاماردران و سوكایه‌تییان پێ كرا.
ڕاكان سه‌عید پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی "شه‌رقییه" گوتی، ئێمه نازانین ئه‌و قسانه‌ی لاهور پروپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنه یان شتێكی تر، به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌و قسه‌ی پێ ده‌كات، بێ ڕه‌وشتییه و گونجاو نییه، ئه‌مه بێڕێزییه له كه‌سێك كه له سلێمانییه‌وه هاتووه و هیچ مافێكی به‌سه‌ر كه‌ركووكه‌وه نییه و به‌بێ هیچ بیانووێكی گونجاو قسه به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی كه‌ركووك ده‌ڵێ.
زیاتر گوتی، له به‌رانبه‌ر ئه‌و قسانه ئێمه هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر، له ڕووی میدیایییهوهیش ئێمه زانیاری ده‌خه‌ینه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی ڕوون بكه‌ینه‌وه، ئه‌و كه‌سه چییه و بۆچی وا ده‌ڵێت.
لاهور جه‌نگی یه‌كێكه له بكه‌رانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و دوێنێ به داوا و تكا له سێ لایه‌نی ته‌ناهی كه‌ركووك و به‌غدا، ڕه‌زامه‌ندی چوونی بۆ كه‌ركووك وه‌رگرت، له‌وێش دوای ته‌واوبوونی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی، له شاره‌كه كرایه ده‌ره‌وه.