عێراق لە ریزبەندی 10 وڵاتی هەرە گەندەڵی دنیادایە

:: PM:01:18:22/03/2018 ‌


ئەگەرچی حكوومەتی عێراق جەنگی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، بەڵام لە ریزبەندی رێكخراوی شەفافیەتی جیهانی عێراق وەك گەندەڵترین وڵات لە دنیادا دەستنیشان كراوە. پەرلەمانتارانیش هۆیەكەی بۆ موكڕ نەبوونی حكوومەت دەگێڕنەوە لە لێپرسینەوە لە گەورە بەرپرسان كە تێوەگلاون بە گەندەڵی.

لە نوێترین ریزبەندی رێكخراوی شەفافیەتی جیهانی، شەش وڵاتی عەرەبی لە پلەكانی یەكەمدا دێن، ئەوانیش عێراق، لیبیا، سودان، یەمەن، سوریا و باشووری سوودان و سۆماڵ.
لەو ریزبەندییە بۆ گەندەڵترین وڵات لە دنیادا كە خۆی لە 12 وڵات دەبینێتەوە، جگە لە وڵاتانی عەرەبی، ئەوا وڵاتانی ڤەنزوێللا، كۆریای باكور، غینیای ئیستوائی و غینیای بیسا دەبینرێن.
هەر لەو لیستەدا، وڵاتانی نیوزیلەندا، دانیمارك، فنلەندا، نەرویج، سویسڕا، سەنگاپورە، سوید، كەندا، لۆكسمبۆرگ، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، هۆنگ كۆنگ، ئایسلەندا، بەلجیكا، ئەمەریكا، ئێرلەندا و ژاپۆن وەك وڵاتانی پاك دانراون كە كەمترین گەندەڵی تێیاندا تۆمار كراوە.
جێی باسە رێكخراوی شەفافیەتی جیهانی 100 لقی لە وڵاتانی دنیا هەیە و پێوەری گەندەڵی لەسەر 180 وڵاتی دنیا جێبەجێ دەكات، كە لە 13 سەرچاوەی زانیاری و 12 پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ پێكدێت.
راپۆرتەكە لە كاتێكدایە پێشتری رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ پیشەسازی دەرهێنان "نەوت و گاز" ئەندامیەتی عێراقی لە رێكخراوەكە هەڵپەسارد، ئەمەش وایكرد عێراق جارێكی تر بگەڕێتەوە ریزبەندی 10 وڵاتی هەرە گەندەڵی دنیا.
 رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە ئامارەكانی دەستەی دەستپاكی عێراقی داوە كە ئەو دەستەیە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 32 وەزیر و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن دەركردووە لەسەر 44 سكاڵا كە لە دژیان بەرز كراوەتەوە، بەشێك لەوانە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی ترن و عێراقیان جێهێشتووە، تا ئێستەش پۆلیسی ئینتەرپول تەنیا عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشتری بازرگانی لەسەر داوای عێراق لە فڕۆكەخانەی بەیروت دەستگیر كردووە.
جگە لەوانە 226 كەسی تر بە پلەی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و باڵیۆز هەن كە 333 سكاڵایان لە دژ بەرز كراوەتەوە، كە 117یان بەڕێوەبەری گشتیین، 217 كەسایەتی بڕیاری گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە كراوە كە 18یان وەزیرن و 199یان پلەی تایبەتیان هەیە.
 
مانەوەی عێراق لە ریزبەندی 10 وڵاتی هەرە گەندەڵی دنیا لە كاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش، شەڕی دژ بە گەندەڵكاران راگەیاند.
بە گوێرەی ئامارەكانی دەستەی دەستپاكی عێراقی تەنیا لە ساڵی 2017، 17هەزار و 222 ئاگاداری لەسەر بوونی گەندەڵی دراوەتە دەستە و تا ئێستە تەنیا 64%ی یەكلایی بووەتەوە و ئەوەی تریشی لە ژێر لێكۆڵینەوە دایە.
جگە لەمە ئەوانەی بڕیاری لە دژ دەرچووە ژمارەیان دەگاتە پێنج هەزار و 671 كەس، لەو ژمارەیەدا بڕیاری دەستگیركردن بۆ  سێ هەزار و 100 كەسیان دەرچووە و تەنیا 619كەس بڕیارەكەیان لەسەر جێبەجێ كراوە، هۆیەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشی زۆری ئەوانەی بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەچووە بۆ دەرەوەی وڵات رایان كردووە.
 



وشە - فه‌رمان سادق