لە بەرەنگاربوونەوەیەکی مادەی هۆشبەر 13 بازرگان كوژران

:: PM:03:20:22/03/2018 ‌


ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە فلیپیین بەردەوامی هەیە و پۆلیس رای گەیاند لە ئۆپەراسیۆنێكی باكوری مانێللای پایتەخت 13 بازرگان كوژران و 100ی تریش دەستگیركران.

پۆلیسی فلیپیین ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئادار، بڵاوی كردەوە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، پۆلیس لەگەڵ گروپێكی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە باكوری مانێللای پایتەخت دەبێتە شەڕیان و بەهۆیەوە 13 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەكوژرێن و 100ی تری دەستگیر دەكرێن.

رۆمیۆ كارامات فەرماندەی پۆلیسی ناوچەی بولاكان لە باكوری مانێللای پایتەختی فلیپین، ئاشكرای كرد پۆلیس تا ئێستە 60 ئۆپراسیۆنی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە نۆ شار وشارۆكە لە فلیپیین ئەنجامداوە.
لە بەیاننامەیەكدا پۆلیسی فلیپیین رای گەیاند ئەمە بەشێكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی پۆلیس دژی مادەی هۆشبەر، گوتی "بەداخەوە 13 كەسی تۆمەتبار و تێوەگڵا و لەو ئۆپەراسیۆنە كوژراون لەو كاتەی ئەوان تەقەیان لە پۆلیس كردووە و ئەوانیش بەرگرییان لە خۆیان كردووە".
 لە بەیاننامەكەی پۆلیس كە "سكای نیوز عەرەبی" هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە پۆلیس 100 كەسی تری لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستگیركردووە و 19 پارچە چەكیشی دەستبەسەردا گرتووە لەگەڵ 250 كیسە مادەی هۆشبەر كە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی 24 سەعاتی هەوڵی گواستنەوەی دراوە.
جێی باسە تا ئێستە چوار هەزار فلیپیینی لەسەر دەستی پۆلیس لە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر كوژراون لە ماوەی 20 مانگی رابردوودا. رۆدریگۆ دوتیرتی سەرۆكی فلیپیین رای گەیاندووە كە زۆرینەیان لە ناوچەكانی دەرەوەی مانێللای پایتەخت و هەرێمی بولاكان و كافیت بوونە.



وشە - فه‌رمان سادق