جەنگ و برسیەتی هەڕەشە لە 124 ملیۆن كەس دەكات

:: PM:04:42:22/03/2018 ‌


بەهۆی ململانێی بەردەوام و وشكەساڵی كە لەچەند ناوچەیەكی گۆی زەوی بەردەوامی هەیە، ژمارەی ئەو كەسانەی برسیەتی هەڕەشە لە ژیانیان دەكات گەیشتە 124 ملیۆن كەس، بەمەش رێژەی 15% بە بەراورد بە ساڵی 2016 زیادی كردووە.

ئەمڕۆ پێنج شەم 22ی ئادار، یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی فاو و بەرنامەی خۆراكی جیهانی كە سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە، راپۆرتی ساڵانەی خۆیان لەبارەی برسیەتی و بڕی خۆراكی پێویست بۆ دانیشتووانی گۆی زەوی بڵاوكردەوە.
 

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ساڵی 2017 ژمارەی ئەو كەسانەی برسیەتی هەڕەشەی مەرگی بۆ هێناون گەیشتووتە 124 ملیۆن كەس و بە رێژەی 15% بە بەراورد بە ساڵی 2016 ژمارەكە زیادی كردووە.
لە راپۆرتەكەدا هەریەكە لە وڵاتانی یەمەن، نێجیریا، كۆنگۆی دیموكراتی، باشووری سوودان و بۆرما لە سەرووی ریزبەندی ئەو وڵاتانە دێن كە برسیەتیەكی توند بەهۆی شەڕ و نەبوونی تەناهی لە وڵاتەكانیاندا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی ملیۆنەها هاوڵاتی دانیشتووی ئەو وڵاتانە، رەوشەكە بۆ ساڵی 2018 بەردەوامی دەبێت.

هەر لە راپۆرتەكەدا لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقیا، جەختلەوە كراوەتەوە كە وشەساڵی درێژ خایەن یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی داهاتی گەنم و جۆر و دانەوێڵە بە گشتی، ئەمەش مەترسی بنەڕەتی دورستكردووە لەسەر ئاسایشی خۆراكی ئەو ناوچانە.
راپۆرتەكە ژمارەی ئەو كەسانەی بەدەست كەمی خۆراكەوە دەناڵێینن و گیرۆدەن بە 108 ملیۆن كەس لە ساڵی 2016 مەزندە كردبوو، هەروەها ساڵی 2015ش ژمارەكەی بە 80 ملیۆن كەس مەزندە كردبوو، بەڵام بۆ ساڵی 2017 ژمارەكە گەیشتووەتە 124ملیۆن كەس.
ململانێ و خراپی دۆخی تەناهی لەمساڵدا بەردەوامی دەبێت كە دوو هۆكاری سەرەكی تەنگژەی خۆراكیین لەو ناوچانەدا كە ئەفغانستان و كۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست و كۆنگۆی دیموكراتی و باكوری رۆژهەڵاتی نێجیریا و ناوچەی چاد و باشووری سوودان و سووریا و یەمەن و لیبیا و كۆتدیڤوار و مالی و نێجیری گرتۆتەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە روونكراوەتەوە كە یەمەن لە ئێستەدا بەرەنگاری گەورەترین تەنگژەی كەمی خۆراك بووە لەسەر ئاستی جیهان و رەوشەكە رۆژ دوای رۆژ بەرەو خراپی زیاتر دەڕوات، بەردەوامی رەوشەكە ئەو وڵاتە دووچاری داڕمانی ئابووری ژێرخانی دەكات.

لە كیشوەری ئەفریقیاش، وشكەساڵی هەڕەشەی سەرەكییە و بنەڕەتییە و كاریگەری لەسەر بەخێوكردنی مەڕو ماڵات داناوە بە تایبەت لە سۆماڵ، باشووری رۆژهەڵاتی ئەسیوپیا، رۆژهەڵاتی كینیا و هەندێك وڵاتی رۆژئاوای ئەفریقیا وەك سەنیگال، چاد نەیجر و مالی و مۆریتانیا و بۆركینافاسۆ.

بەپێی راپۆرتەكە تەنیا لە ئەفریقیای باشوور بەرەوپێشچوون لە بەرهەمهێنانی گەنم تۆمار كراوە كە بەهۆیەوە نرخی خۆراك دابەزیوە.
راپۆرتەكە لە زاری ئەنتۆنیۆ گۆتیریچ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان گواستوویەتییەوە و دەڵێ "ئەركی ئەخڵاقی دەكەوێتە سەر ئێمە تا كاری زیاتر ئەنجام بدەین، ئێمە كەرەستەی پێویستمان هەیە ئەوە ئەنجام بدەین بۆیە پێویستە دیوارەكان بڕوخێنین كە چەندان ساڵە پێویستی دەكرد ئەوە ئەنجام بدەین تا بە باشترین شێواز هاوكارییە مرۆییەكان لە رووی گەشەپێدانی مرۆیی بگەیەنین بە هەموو لایەك".

سەرچاوە/ afp



وشە - فه‌رمان سادق