كێ لەپشتەوەی لادانی تیلرسن بوو؟

:: PM:05:32:22/03/2018 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانیایی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دوو سەركردەی عەرەبی لە وڵاتانی كەنداو لە پشتەوەی لادانی ریكس تیلرسن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا بوون و ئەوان بە شانازییەوە باسیان لەو كارەیان كردووە.

رۆژنامەی "دەلی مێڵ"ی بەریتانیایی لەو بارەوە دەڵێت، هەریەك لە محەمەد كوری سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە و محەمەد كوڕی زاید، هاوتا ئیماراتییەكەی لە پشتەوەی لادانی تیلرسن بوون لە پۆستەكەی لە 13ی ئەم مانگە، كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێك رای گەیاند كە تیلرسنی دوور خستووەتەوە و لە شوێنی ئەوە بەڕێوەبەری دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) لە پۆستەكەی داناوە.

لادانی تیلرسن دوای زنجیرەیەك ناكۆكی لە گەڵ سەرۆكی ئەمەریكا هات لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی دنیا كە مایك پۆمپیۆی لە شوێنی ئەو دانا، بە پێی رۆژنامەكە شازادەی جێنشینی سعوودیە لەو بارەوە بە هاوڕێیەكی خۆی گوتووە، ئەو پارساڵ لەگەڵ گارید كۆشنێری زاوای ترەمپ رێككەوتنی كردووە بۆ لادانی تیلرسن لە پۆستەكەی.

"دەیلی مێڵ"، لە سەرچاوەیەكی نزیكی لە محەمەد كوڕی سەلمان گواستووەتەوە بەوەی لادانی تیلرسن یەكێك بووە لە داواكارییەكانی لە ترەمپ كە لە رێگەی كۆشنێری زاواكەی بۆ گواستووەتەوە بۆ ئەوەی بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتن جێبەجێی بكات و پێ دەچێت كە ترەمپ ئەو كارەی ئەنجام دابێت.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، تیلرسن بووبووە مایەی توڕەكردنی دوو دوژمنە سەرسەختەكەی ئێران، واتە سعوودیە و ئیمارات، دوای ئەوەی دۆخەكەی بە ئاراستەی كۆتاهێنان بە گەمارۆی زەوینی و دەریایی و ئاسمانی بۆ سەر قەتەر برد دوای ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی قەتەر كران بە داڵدەدانی تیرۆر، دووپاتی كردەوە كە تیلرسن دەیویست ناوەندگیری لە نێوان هەردوولادا بكات بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرسێ وڵات لە كاتی سەردانی بۆ كەنداو لە كۆتایی 2017دا، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی محەمەدی كوڕی سەلمان رازی بكات وازی هێنا. كە ئەو كات رای گەیاند، ئێمە ناتوانین گفتوگۆ بەسەر كەسانێك بسەپێنین كە ئامادەی قسەكردن نەبن.

هەروەها رۆژنامەكە گوتی، محەمەد كوڕی زاید ئەوەیش توڕە بوو لە رۆیشتنی تیلرسن بۆ دۆحە و دەركردنی بەیاننامەیەك و هەر كاتێك ئەوان دەیانویست رێوشوێنەكان لەدژی قەتەر توند بكەن، تیلرسن دۆخەكەی هێور دەكردەوە، چونكە ئەو وەك كارساز بیر دەكاتەوە نەوەك وەك جەنەرالێكی سوپا.

زیاتر گوتی، تەنانەت تیلرسن توانی جیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رازی بكات بە رێگە نەدان بە محەمەدی كوڕی سەلمان و محەمەدی كوری زاید بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆشكی سپی لە رێگەی كۆشنێرەوە، كە ئەوە محەمەد كوڕی زایدی ترساند، بۆیە ئەوان هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی كۆشنێر پەیامەكە بۆ ترەمپ بگوازێتەوە بەوەی پێویستە تیلرسن لابدرێت.

سەرچاوە: سپۆتنیك



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل