ماوەیەكە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەتایبەت لە شارۆكەی كەلار /ناوەندی ئیدارەی گەرمیان/، بە ناوی سەنتەرەكانی جوانكاری و وەرزشی و تەندروستییەوە، جەستەی ژنان بۆ مەبەستی تایبەتی بەكار دەهێنرێت، پۆلیسی ناوچەكەش ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە.
هەندێك پەیج رێكلام بۆ ئەوە دەكەن بە بەكارهێنانی هەندێك جۆر دەرمان و وەرزش، دەتوانن ببنە هۆی دابەزاندنی كێش یان جوانكردنی ژنان، بۆ ئەمەیش داوای وێنەی جەستە لە ژنان دەكەن، بۆ ئەوەی رێنوێنیی گونجاو لەسەر جۆری جەستەكە پێشكەش بكەن، بەڵام هەموو ئەوانە بۆ مەبەستی خراپ بەكار دێن و هەندێك ژنیش بەو هۆیەوە لە خشتە براون.
"ش ح" ژنێكی تەمەن 26 ساڵی شارۆكەی كەلار، وەك خۆی بۆ "وشە" باسی كرد، لەلایەن پەیجێكی تایبەت بە جوانكاری لە خشتە براوە. ئەو دەڵێت "چەند ژنێكی تریش هەمان گرفتی منیان هەیە". ئەوەی تۆزێك مایەی دڵخۆشی ئەو ژنە بوو، ئەوەیە لەو وێنەیەی ناردوویەتی رووخساری پیشان نەدراوە.
شۆخان حەمەساڵح بەرپرسی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان لە هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بەپێی یاسا بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئامێرەكانی پێوەندی بەم شێوەیە تاوانە و 12 ساڵە یاسای تایبەت بۆ سزادانی ئەم جۆرە كەسانە هەیە، بەڵام ترس لە كۆمەڵگە و نەریت هۆكارە لەوەی ژنان نەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.
هاوكات هێرۆ حەسەن توێژەری كۆمەڵایەتی لەبارەی بەكارهێنانی ژنان لەلایەن هەندێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر رێگری لەم جۆرە تاوانانە نەكرێت، كێشەی گەورەتری بەدواوەیە. ئەو بە پێویستی دەزانێت لە ناوەندەكانی خوێندن لەرێی خول و سیمینار یان لە رێی میدیاوە خەڵك لەم جۆرە مەترسییانە ئاگادار و هوشیار بكرێنەوە.
لای خۆیەوە پۆلیسی گەرمیان روودانی ئەم جۆرە تاوانانە پشتڕاست دەكاتەوە. رائید عەلی جەمال بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، بۆ "وشە"، داوای لە ژنانی گەرمیان كرد بڕوا بە پەیجە ساختەكان نەكەن كە بە ناوی سەنتەرەكانی جوانكاری یا سەنتەری رۆشنبیری و تەندروستییەوە كار بۆ لەخشتەبردنی ژنان دەكەن.
بە گوتەی پۆلیس، بەشێك لەو پەیجانە كە وێنەی تەواویان دەست دەكەوێت، دواتر هەڕەشە لە خاوەنی وێنەكە دەكەن ئەگەر پارەیەك نەدات، ئەوا وێنەكەی بڵاو دەكەنەوە و ژنەكەش لە ترسدا دەكەوێتە دۆخێكی دژوارەوە.
سامان حەمید یاریدەدەری پزیشكی لەبارەی جۆری وەرزش یا جۆری جەستە بۆ خۆلاوازكردن، گوتی "ئەمە هیچ پێوەندییەكی بە رێكارە تەندروستییەكان بۆ خۆلاوازكردن نییە، تەنیا لەرێی جۆری گرووپی خوێنەوە جۆری خواردن دیاری دەكرێ بۆ خۆلاوازكردن".
كەلار- سەبری هۆرینی