روانگەی مافی مرۆڤی عێراق چەند پێشێلكارییەكی مەترسیداری پارتە سیاسییەكانی عێراق پێوەست بە كڕینی دەنگی هاووڵاتییان ئاشكرا دەكات، ئەوەیش لە رێگەی كڕینی كارتی دەنگدەر لە هاووڵاتییان و بەڵێندان و پێشكەشكردنی دیاری بەوان، كە ئەوە لە چەند پارێزگایەك دووبارە بووەتەوە بەمەبەستی مسۆگەركردنی دەنگی ئەوان.
بەپێی راپۆرتێكی روانگەكە، نوێنەرانی ژمارەیەك پارتی سیاسی لە عێراق، بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار برەو بە پرۆسەی كڕینی كارتی دەنگدانی هاووڵاتییان دەدەن لە بەرانبەر 100 دۆلاری ئەمەریكایی، لەو كاتەی پارتی تر هەن كە دەستیان كردووە بە بەڵێندان بۆ ئازادكردنی كەسوكاریان كە لە زیندانەكاندان.
زیاتر گوتی، كاندیدانی بەشێك لە لایەنەكان بە شێوازی جیاجیا و ساختەكردن كار بۆ راكێشانی دەنگەكان دەكەن و پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چاودێری زیاتر بخاتە سەر رەفتار و هەڵسوكەوتی ئەو كاندیدانە و سەپاندنی سزای توند بەسەریان، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵی كڕینی دەنگەكان دەدەن و یارمەتی بەسەر خەڵك دابەش دەكەن بەشێوەیەك كەڕامەتی ئەو خەڵكە لەكەدار دەكەن.
دووپاتی كردەوە كە لە زۆرێك لە ناوچە ئازادكراوەكان هەوڵی كڕینی كارتی دەنگدان دەدرێت یان بەڵێننامەی نووسراو بە خەڵك پڕ دەكرێتەوە لە بەرانبەر پێدانی 100 دۆلار و چەند تیمێكی گەڕۆكی سەر بە پارتە سیاسییەكان ئەو كارە دەكەن، وەك چۆن لە كەمپەكانی ئاوارەیی پارێزگای سەڵاحەدین بە بەردەوام لەلایەن كاندیدانەوە سەردانی دەكرێت و خۆراك دابەش دەكەن بۆ دەنگدان بەوان.
راپۆرتەكە باسی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكات كە بەڵێنی دابەشكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون دراوە بەو خەڵاكە لە بەرانبەر دەنگدان بەوان و دامەزراندنیان، لەو كاتەی هەندێكی تریان كارتی مۆبایل دابەش دەكەن و هەندێكیش جلی وەرزشی بەسەر تیمەكان و لە مووسڵیش بەشێك لە سەرانی سیاسی سەردانی بریندارانی جەنگی داعش دەكەن و بەڵێنی چارەسەریان پێ دەدەن بۆ دوای هەڵبژاردنەكان.