دوای جیابوونەوەی دایك و باوكی لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە فریو دەدرێت

:: PM:09:51:22/03/2018 ‌

ژن و مێردێك لە هەولێر دوای 10 ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری لەیەكتری جیا دەبنەوە، دوای جیابوونەوەیان هیچیان ئامادە نین كچە تاقانەكەیان بگرنە خۆیان، بۆیە كچەكەیان لەلایەن پووریەوە بەخێو دەكرێت، دوای چەند ساڵێك ئەو كچە لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە هەلدەخەڵەتێنێرێت و دووگیان دەبێت خۆشەویستەكەیشی جێی دێڵێت.

(ئەسما)، كچێكی باڵابەرزی قژ و چاو كاڵە باڵایەكی مامناوەند و قژێكی كورتی خاوی پێوەیە و تەمەنی ٢٠ ساڵە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دایك و باوكی لەیەكتری جیابوونەتەوە و لە مالی پووری دەژیت، ئەو باسی ئازارەكانی ژیانی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، پوورم هەمیشە بە چاوی بەزەی سەیری دەكردم، دایك و باوكم نەبوو بۆ ئەوەی وەك پێویست سەرپەرشتیم بكەن،  هەر بۆیە ڕووبەڕووی گەورەترین كێشە بوومەوە، ئەو كاتەی بەدوای پیاوێكدا دەگەڕام جێگەی باوك و برام بۆ پڕبكاتەوە.

پێش دوو ساڵ ئەسما لە ڕێگەی هاوڕێیەكی قوتابخانەیەوە كوڕیك دەناسێت و ماوەی ساڵێك پێوەندی لەگەڵ ئەو كوڕە دەبێت لەو ساڵەدا وەك خۆی دەڵێت، "هیچ نەما بە ناوی خۆشەویستی و پیاوبوونەوە بەسەرم نەهێنێت". بەهۆی ئەو كارانەی خۆشەویستەكەی بەرامبەری كردووە، ئەسما ناچاربووە لە پۆلی ١١ ئامادەیی واز لە خوێندن بێنێت.

بەدەم گوشینی دەستەكانییەوە ئاوا باسی سەرەتای ژیانی كرد، كەم كەم شەڕەكانی دایك و باوكم بیر دێتەوە، بەڵام نازانم لەبەر چی بوو، ئەوان هەمیشە شەڕیان بوو، بۆیە هۆكارەكەیم نەزانیوە، دوای جیابوونەوەیان كەسیان منیان نەویستووە، دایكم هاوسەرگیری كردووەتەوە و دەڵین لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، باوكیشم هەر ئەوكات چووەتە دەرەوەی وڵات، من لەلای پووری باوكم دەژیم و دوای جیابوونەوەیان كە هیچیان نەیان ویستووم، نەنكم منی داوە بە ئەوان، چونكە منداڵیان نییە.

سەرەتای ژیانم زۆر قوڕس بوو، پووری باوكم كە من هەر پێی دەڵێم پوورێ، لەگەڵ هاوسەرەكەی تەمەنیان گەورەیە، ئەوان چونكە منداڵیان نەبووە، نەیانتوانی جگە لە ناز و خۆشی هیچی ترم بدەنێ، دراوسێ و خزم و دەوروبەر هەمووكات بە بەزەیی و هەندێجار بە سووكایەتی سەیریان دەكردم، هۆكاری زۆرم هەبوون بۆ گەڕانم بەدوای كەسیك جێی هەموو كەسم بۆ بگرێتەوە كۆمەلە هۆكارێك كە تەنیا ئەو كەسانە تێی دەگەن كە بارودۆخی ژیانیان وەك منە، ژیانم بەگشتی باش بوو، بەڵام هەمیشە هەستم بە هەبوونی بۆشاییەك دەكرد، بۆیە هەر ئەوكاتەی هەستم بە گەورەبوونی خۆم كرد بەداوی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەڕام، بەڵام نەك بۆم پڕ نەكرایەوە، كەوتمە ناو بۆشاییەك كە پڕبوونەوەی زۆر ئەستەمترە.

(ئەسما) لەگەڵ (باران) ئەو كوڕەی لە ڕێگەی هاوڕێكەیەوە ناسیوویەتی دەبن بە خۆشەویست، ئەو ئاماژە بەوە دەكات هەر زوو هەموو شتێكی دەربارەی چۆنیەتی ژیانی خۆی بۆ باس كردووە، بەو هیوایەیی لێی تێبگات و هاوكار و دڵسۆزی بێت، بەڵام باران ئەو دۆخەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوی چۆن بیەویت ئاوا بەكاری بێنێت و هەرزوو لە خشتەی ببات.

ئەسما نایشارێتەوە كە خۆشی خەتابارە بەرامبەر ئەوەی بەسەری هاتووە، ئەو دەڵێت ئەوەندە بارانم خۆشدەویست و متمانەم بەوە هەبوو كە دەتوانێت باشتر و خۆشتر بمژیەنێت، بەڵام بە پێچەوانەبوو هەموو ژیانی وێران كردم، هەمیشە پێی دەگوتم دەمەوێت بێمە داوات، بەڵام لەبەر ئەوەی جارێ دەخوێنیت لەبەر پوورت و مێردەكەیشی نەوەكو ڕێگری بكەن من بەرگەی لەدەستدانت ناگرم، بۆیە نایەم جارێ، منیش هەڵدەخەڵەتام و وامدەزانی بەڕاستییەتی و تەنیا منی دەوێت و لەبەر چاكەی من وەستاوە.

ئەسما باسی ئەو كاتە دەكات كە بووە بە ژن و دواتر دووگیان بووە و باران جێی هێشتووە، پێی گوتم شوقەم كڕیوە و دەمەوێ بە دڵی هەردووكمان ناوماڵی بۆ دابنێن بۆیە وەرە بیبینە، منیش لەخۆشیان خەریكبوو باڵ بگرم و چووم لەگەڵی، هەر ئەو چوونە بوو بە جارێك و دوو سێ و چەندجارێك لە ماچ و باوەشێكەوە سەرەتا دەستی پێ كرد دواتر گەیشتە ئەوەی بووم بە ژن، دوای چەند مانگێك دووگیان بووم.

 لەو ماوەیەدا چەندینجار داوام لێ كرد بێتە داوام و هەر جارە و بیانوویەكی هێنایەوە، تاوەكو دوا جار هاوڕێیەكی پێی گوتم كە ئەو چووەتە دەرەوەی وڵات، ئەو كات ناچاربووم راستییەكەم بە پوورم گوت و ئەو ژنەی كە لە هەموو كەس بۆم باشتربوو، خستمە بارودۆخێكەوە كە تاوەكو ئێستەش لەناو ئازارەكەی دەتلێتەوە، ئەو بردمی بۆ لای دكتۆر بەهەزار درۆ و پاڕانە و ناڕەحەتی منداڵەكەی لەبار بردم.

 دوای ماوەیەك  هەموو درۆكانی باران  ئاشكرا دەبن ئەو شوقەیەی هەمووجار ئەسمای بردووە، شوقەی هاوڕێیەكی بووە، باران خاوەن خێزان بووە، دوای ئەوەی ئەسما دەكات بەژن و دووگیانی دەكات لەگەڵ خێزانەكەی دەڕۆنە دەروەی وڵات، بەپێێ زانیارییەكانی كە ئەسما لە هاوڕێكانی وەری گرتووە ئێستە لە ئیتاڵیایە، ئەسما لەگەڵ پووری و هاوسەری پووری دەژیت و دەڵێت بەهۆی ئەو متمانەی بە خۆشەویستەكەی كردووە، قوتابخانە و  كچیەتی و ئازادی و هەموو خۆشی و جوانییەكانی لەدەست چووە.

ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل