ئه‌ده‌بی كلاسیكی یه‌كێكه له‌و ئه‌ده‌بانه‌ی كه چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له سنووری پارێزگای دهۆك ژماره‌یه‌كی كه‌می نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر هه‌ن كه كار بۆ كۆكردنه‌وه و به‌دواداچوون و ساخكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك ده‌ده‌ن. ئیسماعیل بادی یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی بواری ئه‌ده‌بی كلاسیكی كه نزیكه‌ی 20 كتێبی چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه. ئه‌و له دیمانه‌ی "وشه" پێی وایه، تا ئێسته به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان ساغ نه‌كراونه‌ته‌وه و ده‌یان ده‌ستنووس هه‌ن هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه و له ئه‌نجامی شه‌ڕ و ئاڵوزییه‌كان ون بوون.
ئه‌ده‌بی كلاسیكی چییه و كه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه؟
ئه‌ده‌بی كلاسیكی به‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه ده‌گوترێت كه له كۆنه‌وه نووسراون و وه‌زن و قافیه‌یان هه‌یه. وشه‌یه‌كی زۆری بیانی تێدایه و به‌شێكی زۆری شاعیران و نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی كلاسیكی ناسراو نین و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ناوی كه‌سانی تر بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایی به‌شێك له نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی كلاسیكی وه‌ك مه‌سعوود كه‌تانی، گوڕانكارییان له ئه‌ده‌بی كلاسیكی كردووه به تایبه‌تی له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی كلاسیكی به‌رده‌وام له گوڕانكاریدایه و تا ئێسته‌ش لێره و له‌وێ نووسه‌ر و شاعیری كلاسیكی نوێ ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بینرێن، به تایبه‌تی له ده‌ڤه‌رێكی وه‌ك بادینان كه چه‌ندان كه‌موكوڕی هه‌یه له به‌دواداچوون و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كلاسیكیدا و ئه‌وه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه گوڕانكاریی زۆری به‌سه‌ردا كردووه.
ناوه‌ڕۆك و په‌یامی ئه‌ده‌بی كلاسیكی چی له‌خۆ ده‌گرێت؟
ئه‌ده‌بی كلاسیكی هه‌موو جوره بابه‌تێك له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌زۆری ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كلاسیكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بابه‌تی ئاینی، ته‌سه‌وف، خۆشه‌ویستی و نیشتمانی. شیعری به‌شێك له شاعیرانی كلاسیكی چه‌ند واتایه‌كی هه‌یه، شاعیرێكی وه‌ك ئه‌حمه‌دی خانی له به‌رهه‌می "مه‌م و زین"دا باس له خوشه‌ویستی و عه‌شق ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسێكی زۆر نه‌ته‌وه‌یی تێدایه.
نووسه‌رانی تایبه‌ت به ئه‌ده‌بی كلاسیكی له بادینان تا چه‌ند توانیویانه سه‌ركه‌وتوو بن له ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان؟
به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی كلاسیك له سنووری پارێزگای دهۆك چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه و كه‌س خۆی لێنه‌كردوونه‌ته خاوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌یه بڵاو بكاته‌وه. به‌هۆی نه‌بوونی نووسه‌ر و توێژه‌ری تایبه‌تمه‌ند، به‌شێك له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی كلاسیكی بادینان بو ناوچه‌كانی تری وه‌ك سۆران ئه‌ژماركراون. ئێسته نووسه‌ری تایبه‌ت به ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی كلاسیك له سنووری پارێزگای دهۆك ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكن و له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ر ناكه‌ن، ئه‌وانیش بریتین له عه‌بدوڕه‌حمان مزیری، سه‌عید دێره‌شی، ته‌حسین دۆسكی، ئیسماعیل بادی، ره‌شید فه‌ندی و چه‌ند نووسه‌رێكی تر. نووسه‌رانی دهۆك له دوای ساڵی حه‌فتاكان ده‌ستیان به كۆكردنه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان كردووه و به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تر له‌دواوه‌ن.
به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی چۆن له‌ناو ده‌چێت؟
هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ناوچوونی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كلاسیكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بو نه‌بوونی نووسه‌ر و توێژه‌ری به‌توانا و لێهاتوو، له كاتی نووسینه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان و ده‌ستنووس هه‌ڵه‌ی زۆر ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها له‌كاتی لێكدانه‌وه‌ی شیعر و ره‌مز و نیشانه‌كان نازانن، به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی كلاسیكی هیچ هه‌ڵه‌یه‌كیان تێدا نییه، به‌ڵام نووسه‌ران له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان هه‌ڵه‌ی زۆری تێدا ده‌كه‌ن.
نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی كلاسیكی چۆن ده‌توانن ئه‌ده‌بی كلاسیكی بناسنه‌وه؟
بێجگه له‌وه‌ی كه وه‌زن و قافیه‌یان هه‌یه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵانێكی كۆن و تێكه‌ڵه له وشه‌ی "بیانی"، هاوكات ئه‌ده‌بی كلاسیكی بیركردنه‌وه‌یان جیاوازه و چێژێكی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ نووسه‌ران، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی زانست و دیرۆك و شارستانییه‌وه. نووسه‌ران په‌روه‌رده‌یه‌كی رۆحی و مه‌عنه‌ویی زۆر له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌رده‌گرن، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تر بخوێنێت، ئه‌وا هیچ له واتای ئه‌و به‌رهه‌مانه نازانێت و ئه‌و كه‌سه‌ی كه له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كلاسیكی ده‌كۆڵێته‌وه، پێویسته جۆره رۆشنبیرییه‌كی گشتی هه‌بێت چونكه به‌رهه‌مه‌كان گشتین.
به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی كلاسیكی ئاینده‌یان چی ده‌بێت؟
تا ئێسته به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان ساغ نه‌كراون و ده‌یان ده‌ستنووس هه‌ن هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه و له ئه‌نجامی شه‌ڕ و ئاڵوزییه‌كان ون بوون. به‌شێكی زۆریش له وڵاتانی تر ده‌پارێزرێن. ئه‌وه‌تا زیاتر له 300 كتێب و ده‌ستنووسی تایبه‌ت به زانكۆی قوبه‌هانی ئامێدی له مۆزه‌خانه‌ی به‌غدا هه‌ن و وه‌ك پێویست لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه، ئه‌و به‌رهه‌مانه كپ كراون و ده‌یان جۆری بابه‌تی گرنگ له‌خۆ ده‌گرن. به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی كلاسیكی به‌هۆی ناته‌بایی كورد بۆ ناوچه‌كانی تر گواستراونه‌ته‌وه. نووسه‌رانی كورد زیاتر پشت به ده‌ستنووس ده‌به‌ستن، كاتێكدا به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی كلاسیكی ده‌ستنووسیان نییه و پێویسته به‌شێوه‌ی مه‌یدانی كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بكرێت.
دوایین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیت چییه؟
له‌ماوه‌ی رابردوودا نزیكه‌ی 20 كتێبی جۆراوجۆرم له بواری ئه‌ده‌بی كلاسیكی چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئێسته‌ش له بواری ئه‌ده‌بی كلاسیكی كار له‌سه‌ر چه‌ند به‌رهه‌مێكی تر ده‌كه‌م و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وانیش بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌بوونی هاوكاری كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر خۆم و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌رانی تر دروست كردووه.