هاوسه‌رۆكی پێشووى پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده"، و بەرپرسی بەشی دیپلۆماسی تەڤگه‌رى جڤاكى دیموكراتیك "ته‌ڤده‌م"، ڕه‌خنه‌ی توند له ڕووسیا ده‌گرێ، به‌وه‌ی گڵۆپی سه‌وزی بۆ داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه هه‌ڵكردووه و هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، كه كورد له مۆسكۆ بێ ئومێد بووه.
له هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی urdupoint بڵاو كراوه‌ته‌وه، ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئاژانسی فڕانس پرێس گوتی، توركیا له هێرشه‌كانی به‌رانبه‌ر عه‌فرین سه‌رنه‌ده‌كه‌وت، ئه‌گه‌ر پشتگیری ڕوسیا نه‌بووایه و مۆسكۆ گڵۆپی سه‌وزی بۆ هێرشه‌كانی هه‌ڵنه‌كردبا.
زیاتر گوتی، ئێمه نا‌ئومێد بووین له ڕووسیا، چونكه كاتێك هاتن بۆ سوریا به ناچاری هاتن وبه‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێداین كه زه‌ویه‌كانی سوریا ده‌پارێزن، هه‌روه‌ها گوتی مۆسكۆ هیچ شتێك ناكات بۆ وه‌ستاندنی هێرشه‌كانی توركیا، باسی له‌وه‌یش كرد هه‌موو ئاگه‌دارن ئه‌گه‌ر توركیا گڵۆپی سه‌وزی له لایه‌ن روسیاوه بۆ هه‌ڵنه‌كرابا نه‌یده‌توانی هێرش بكاته سه‌ر عه‌فرین.
ڕۆژی 20ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر توركیا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌ستیان به هێرش بۆ سه‌ر عه‌فرین كرد و هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌یش به توندی به‌رگریان كرد و ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه، له 18ی ئادار/مارس هێزه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی توانیان بچنه ناو عه‌فرین، یه‌په‌گه‌یش دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه شێوازی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه و به‌رگری كردن ده‌گۆڕن و عه‌فرین بۆ توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كه‌نه دۆزه‌خ.
وشه/ په‌یام محه‌مه‌د