دژی هێرشه‌كانی توركیا خه‌ڵكی چۆمان خۆپێشاندان ده‌كه‌ن

:: PM:02:12:23/03/2018 ‌
كه‌مێك پێش ئێسته‌ لە ناوچه‌ى دۆڵی باله‌ییانی سەر به‌ شارۆكه‌ى چۆمان گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی هێرش و بۆردمانەکانی تورکیا بەڕێوەچوو، کە تیایدا چوار هاوڵاتی شەهید بوون.

هاوده‌م باڵەک ڕێکخەرى گردبوونه‌وه‌كه‌ بە "وشه‌"ى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هه‌ینى سه‌عات 2 لە ناوچه‌ى دۆڵی بالییانی سەر به‌ شارۆكه‌ى چۆمان گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە بەشداری کەسوکاری قوربانییەکان و دانیشتووانی (ناحییەکانی قەسرێ، سیمیلان، گەڵاڵە، حاجی  ئۆمەران و وەرتێ) لە دژی هێرش و بۆردمان و پەلامارەکانی تورکیامان ئه‌نجامدا، کە تیایدا چوار هاوڵاتی شەهید بوون و  ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

زیاتر گوتی، گردبوونەوەکە بۆ شەرمەزارکردنی ئەوکارە نامرۆڤانەی دەوڵەتی فاشستی تورکیایە، لە شوێنی بۆردمانەکە بەیاننامەیەک دەخوێنینەوە بۆ سه‌ركۆنه‌ كردنی ئەو کارە دڕندانە وپشتیوانی و هاوخەمی خۆشمان بۆ کەسوکاری قوربانیان دەردەبڕین. 

دواى ڕووداوه‌كه‌ دوێنێ پێنجشەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكەیدا لەسەر تۆپبارانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەی باڵەكایەتی كە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی باشووری كوردستان، نیگەرانی خۆی دەربڕی و رای گەیاند كە بوونی بارەگاكانی پەكەكە لە نزیك گوند و ئاوەدانی لەو ناوچەیە بەردەوام مەترسی لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دروست دەكات و داوایشی لە پەكەكە كرد ناوچەكانی نزیك گوندەكان چۆڵ بكات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش له‌ به‌یانامه‌یه‌كى  فه‌رمیدا سەركۆنەی دەستدرێژیی هێزەكانی توركیا و بەردەوامی بۆردومانەكانی بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو پێشێلكارییانە خزمەت بە باشتربوونی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات ناكات.


وشە - محەمەد میران