سه‌رۆكی ڕووسیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاشكرای كرد، ڕووسیا له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه زیاتر پێش ده‌كه‌وێ و به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین، كه ته‌واوی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن خستمانه ڕوو به ته‌واوی جێبه‌جێی بكه‌ین.
ڤلادیمێر پوتین له په‌یامێكی بۆ هه‌وادارانی كه له پێگه‌ی فه‌رمی كۆشكی كرملێن بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، ئێمه پێویستمان به پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌یه له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه، من له به‌شداریتان له هه‌ڵبژاردن و پشتیوانی‌تان بۆ پێشخستن و گۆڕانكاری له وڵات، ئه‌و گۆڕانه‌م به‌دی كرد، منیش ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی خۆم ده‌خه‌مه گه‌ڕ، به‌رانبه‌ر هاووڵاتییانی ڕووسیا و ئه‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن گوتوومانه به ته‌واوی جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
ئاماژه‌ی دا، من د‌رك به‌هه‌موو ئه‌و پرسانه ده‌كه‌م، كه به‌لای گه‌لی ڕووسیاوه جێی بایه‌خن، بۆیه ئه‌وان دووباره متمانه‌یان به ئێمه دایه‌وه، متمانه‌یان به ئێمه‌یه تا داواكانیان و ئه‌و پرسانه‌ی به‌لایانه‌وه جێی بایه‌خه بۆیان جێبه‌جێ بكه‌ین، ئێمه‌یش ڕێز له داواكانیان ده‌گرین و هه‌رچی به‌ڵێنێكمان داوه جێبه‌جێی ده‌كه‌ین و ناكۆكی سیاسییه‌كانیش نابێ ببێته هۆی دابه‌شبوون و سه‌نگه‌رگرتن له یه‌كتر، به‌ڵكوو هه‌موومان ئامانجمان ڕووسیا و پێشخستنیه‌تی.
به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوه‌ندی ڕووسیا ئه‌نجامه فه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیای ڕاگه‌یاند، كه ڕۆژی یه‌كشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو هاته ئه‌نجامدان و تێیدا ڤلادیمێر پوتین ڕێژه‌ی 76.69%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و خولێكی تر سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیای گرته ده‌ست، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پوتین ماوه‌ی 18 ساڵه له پۆستی سه‌رۆكی ڕووسیا و سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌دایه و له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات ماوه‌ته‌وه.