توركیا گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر هەڵگرت

:: PM:03:22:23/03/2018 ‌

سەرۆك وەزیرانی توركیا بیناڵی یلدرم ئاشكرای كرد، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە گەشتەكانی فڕۆكەخانەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەست پێ دەكەنەوە، بەڵام بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی گەشت ئەنجام نادرێت.

سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاشكرای كرد، ئاسمانی توركیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ فڕۆكەخانەی هەولێر دەكەینەوە، ئەو بڕیارەیش تەنیا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی، بە هۆی لایەنی تەناهی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، ئەو بڕیارە فڕۆكەخانەی سلێمانی ناگرێتەوە، چونكە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی سلێمانی پشتیوانی لە "تیرۆر" دەكەن.

ئەو بڕیارەی توركیا و قسەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كاتێكدایە، بەهرۆز گەلالی نوێنەری دەركراوی یەكێتی لە ئەنكەرە پێشتر لە نامەیەك كە ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسانی حزبەكەی كردبوو، دەڵێ، لێدوان و موزایەدەی هەندێ بەرپرسی یەكێتی، پێوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ توركیا زۆر خراپتر كردووە و دوور نییە توركیا یەكێتی بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

لە بەشێكی تری نامەكەی ئاماژەی داوە، هەندێ بەرپرسی یەكێتی بێ ئەوەی بەرچاوی خۆیان بە ڕوونی ببینن، بەناوی یەكێتی دەڵێن هێز دەنێرینە عەفرین و موزایەدە دەكەن، ئەگەر یەكێتی ئەو توانایەی هەیە، كوا بۆ هێز نەنێردرا، ئەمە زیان بە یەكێتی دەگەیەنێت و دەرچوونە لە سیاسەتی گشتی یەكێتی و سیاسەتی مام جەلال.



وشە - باز ئه‌حمه‌د