د. سه‌ڵام زوبێدی سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی مه‌سای نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگه‌یاندن له عێراق، له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌كانی عێراق كه زۆرینه‌یان تۆمه‌تباری گه‌نده‌ڵین، ده‌ڵێت زۆر له سیاسه‌توانانی ئێسته شیاو نین و بۆشایییه‌ك له نێوان شه‌قامی عێراقی و ئه‌و ناوانه دروست بووه كه زۆرینه‌یان تۆمه‌تبارن به گه‌نده‌ڵی و به‌ڕێوه‌بردنی فاشیل بۆ هه‌موو كایه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق.
راپۆرته‌كانی نێوده‌وڵه‌تی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه عێراق له خانه‌ی وڵاتانی زۆر گه‌نده‌ڵه له دنیادا، ئێسته زۆرینه‌ی پارت و لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردن له عێراق به به‌ڵێن و دروشمی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵییه‌وه چوونه‌ته ناو پرۆسه‌كه‌وه، زوبێدی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و گه‌نده‌ڵییه‌كانی عێراق.
*پارته سیاسییه‌كانی عێراق تا چه‌ند له دروشمی چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی رژدن؟
پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاڵۆزه و كاتێك زۆرینه‌ی بارسته سیاسییه‌كان دروشمی گۆڕانكاری و چاكسازیان به‌رز كردووه‌ته‌وه، راستییه‌كه‌ی ئه‌وان شێوازی گۆڕینی عه‌بایان به‌كار هێنا و په‌نایان بۆ سیاسه‌تی دووباره هێناوه‌ی هه‌مان ناوه‌كانی پێشوو برد، ئه‌وه‌یش له سایه‌ی نه‌بوونی پڕۆژیه‌كی دیار و پشتبه‌ستن به هه‌مان كه‌سایه‌تییه‌كانی پێشوو، ره‌نگه ده‌موچاوی نوێ هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌كه‌ونه خانه‌ی سیاسه‌تی فاشیلی ئه‌وان له ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا، واته زۆر له‌و سیاسه‌توانانی ئێسته شیاویان له ده‌ست داوه و بۆشایییه‌ك له نێوان شه‌قامی عێراقی و ئه‌و ناوانه دروست بووه كه زۆرینه‌یان تۆمه‌تبارن به گه‌نده‌ڵی و به‌ڕێوه‌بردنی فاشیل بۆ هه‌موو كایه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق.
*ئه‌و سیاسه‌ته تا چه‌ند دووفاقیی تیادایه بۆ راكێشانی ده‌نگه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له گه‌نده‌ڵی ئه‌و پارتانه بێزارن؟
ئێسته دووفاقییه‌ك دروست بووه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ر و هاووڵاتییانی عێراق له چۆنیه‌تیی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ده‌نگدان پێیان له سندووقه‌كانی ده‌نگدان له رێی تێخستنی ژه‌هر له هه‌نگویندا یان هێنانه پێشه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان و یاریكردن له‌سه‌ر په‌تی چاكسازی و گۆڕانكاری له رێی چه‌ند كه‌سانێكی ته‌كنۆكرات وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، پێم وایه هێنانه پێشه‌وه‌ی خوێنی نوێ ته‌ڵه‌یه‌كه هه‌مان بارسته سیاسییه‌كانی پێشوو دایانناوه و پرۆسه‌كه ته‌نیا ده‌بێته ئاڵوگۆڕكردنی ناوه‌كان.
ئێمه به‌و شێوه‌یه ته‌نیا ئاڵوگۆڕ به هه‌مان گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ین كه له پڕۆژه و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیان رایان گه‌یاند كه ئه‌وان له دژی گه‌نده‌ڵین و له‌ناوی ده‌به‌ن، ئێسته ده‌كرێت بپرسین كێ گه‌نده‌ڵه؟ ئایا گه‌ل گه‌نده‌ڵه؟ نه‌خێر ئێوه‌ن گه‌نده‌ڵ و ئێسته‌یش هه‌مان ده‌موچاو به هه‌مان گه‌نده‌ڵی دێننه‌وه ده‌سه‌ڵات، بۆیه پێم وایه كه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق به‌ره‌و رۆژانێكی ره‌ش هه‌نگاو ده‌نێت جیا له‌وه‌ی تێپه‌ڕی، چونكه ئه‌و بارستانه‌ی باڵاده‌ستن به‌سه‌ر كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌هێزتر دێنه‌وه پێش له رێی په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵكاران و نه‌بوونی یاسا كه ئه‌مڕۆ یاسای عێراق ئاماده نییه و به‌داخه‌وه به‌ده‌ستی كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتووه كه یاری به دادگا و یاسایش ده‌كه‌ن، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرابوونه پاڵ به‌رپرسان، به‌ئاسایی تێپه‌ڕ بوون و ئه‌گه‌ر هه‌ندێك بڕگه‌یش هه‌بووبن ئه‌وه شه‌رمنانه كاریان كردووه و دوای رۆژێك یان دوان ئه‌وان به‌ر لێبووردن كه‌وتوون.
بۆیه ره‌نگه پرسیار بكه‌ین كه ئاخۆ كام به‌رپرسی عێراق له گرتووخانه‌یه؟ نه‌خێر یه‌ك به‌رپرس له‌وێ نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی ناویان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییه‌وه راگه‌یه‌نراوه وه‌ك گه‌نده‌ڵ و ره‌وانه‌ی دادگه كران و تۆمه‌تیان خرایه پاڵ، هه‌روه‌ها حكوومه‌تی بڕیاری كۆتای به سزادانیان ده‌ركرد، ئێسته ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌ن و به ده‌سته‌واره‌ی سیاسی یان لێبوردن ئازاد كراون.
*له سایه‌ی ئه‌وه‌ی گوتت پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق تا چه‌ند رێخۆشكه‌ر و پاڵپشته بۆ گه‌نده‌ڵی؟
پێم وایه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق شه‌له و ئاسایی نابێته‌وه ته‌نیا به گۆڕینی سیسته‌مه‌كه به ته‌واوه‌تی نه‌بێت كه پڕۆژه‌ی وڵات و هاووڵاتیی له‌خۆ بگرێت، كه تا ئێسته ئه‌وانه نین و له هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا پڕۆژه‌ی نیشتمانی نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌مووان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌گه‌ڕێن، له‌ناو په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌جیندای تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر حسێبی وڵات و هاووڵاتییان.
*حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا ددانی به ئه‌سته‌می رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نا، قسه‌كانی چۆن ده‌خوێننه‌وه؟.
گومانمان له هه‌وڵه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نییه بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی كه كاتێك ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره له‌ناو هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌بوو، بۆیه دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی داعش، ئێسته رووی كردووه‌ته پرسی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌پێناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی، كه پرسه‌كه به‌و ئاسانییه، چونكه عه‌بادی رووبه‌ڕووی دیوارێكی دابڕ و كۆنكریتی بووه‌ته‌وه، چونكه گه‌نده‌ڵكاران له‌و بارسته و پارتانه‌ن كه حكوومه‌ت پێك دێنن، بۆیه نه‌هێشتنی ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه به‌تایبه‌تی نه‌هه‌نگه‌كانی گه‌نده‌ڵی زۆر ئه‌سته‌مه.
*به مانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق پاك ده‌بێته‌وه؟
پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی هه‌ڵه و به‌رژه‌وه‌ندیی بنیات نراوه كه بارسته گه‌وره‌كان توانیویانه عه‌بادی به زنجیر كۆت بكه‌ن، چه‌ندان كه‌سایه‌تی گه‌وره و ده‌ستڕۆیشتوو هه‌ن كه خاوه‌ن بڕیارن له عێراق و كۆنترۆڵی دادگای باڵا ده‌كه‌ن، ئێمه ناویان ناهێنین، به‌ڵام ئه‌وان باڵاده‌ستن به‌سه‌ر دادوه‌ری له عێراق، ئه‌گه‌رچی عێراق له‌سه‌ر ئاستی دنیا له پله‌كانی پێشه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه به‌هۆی رێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵی له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆیه عه‌بادی پێویستی به هه‌وڵ و پاڵپشتی زیاتره له‌لایه‌ن بارسته‌كانی تر ئه‌گه‌ر رژد بن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و سه‌رپشككردنی عه‌بادی بۆ ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵكاران و ناوه‌كانیان، بۆیه نه سه‌رۆك وه‌زیری ئێسته و نه ئه‌وه‌یشی داهاتوو له سایه‌ی بوون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پارتانه‌ی ئێسته و میلیشیا چه‌كداره‌كان به‌سه‌ر كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت و بڕیاردان ده‌توانن ئه‌و كاره بكه‌ن به‌بێ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی.