وشه/ سلێمانی- گۆران ڕه‌ئووف
قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ: ئه‌و ئه‌دیبانه‌ى ناتوانن پڕۆژه‌یه‌كى ئه‌ده‌بى ته‌واو بكه‌ن، دواجار كۆتای پرۆژه‌كه به خۆكوشتنى خۆیان دێنن" یانى ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ى ئه‌دیبه‌كان پێوه‌ندییه‌كى زۆر رۆحیان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانیاندا هه‌یه؟
پێش چوونه ناو پرۆسه‌یه‌كى فیزیایییانهى خۆكوشتن، پێ ده‌چێت نووسه‌رێك یا ئه‌دیبێك ده‌یان جار ئه‌و چێژه ده‌روونییه‌ى له‌رێى تێكسته‌كانییه‌وه گه‌یاندبێت، چونكه ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك پێوه‌ندییه‌كى رۆحى له‌گه‌ڵ تێكسته‌كانیدا نه‌بێت، مه‌حاڵه راستگۆ بێت له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانیدا. پێم وایه قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسى خۆكوژیى به‌بێ ناوهێنانى "سادقى هیدایه‌ت" پرسێكى له پهلوپۆكهوتووه و قسه‌نه‌كردن لێى باشتره. هیدایه‌ت سه‌ره‌ڕاى عه‌شقێكى له رادهبهرى بۆ فه‌نابوون و كۆتاهێنان به‌م گه‌مه ناشیرینه‌ى ناوى ژیانه، كه‌سێكى راستگۆ بووه به‌رانبه‌ر به نووسینه‌كانى. ئه‌و له زۆربه‌ی ده‌قه‌كانیدا پرسى خۆكوشتنى ورووژاندووه كه واى له خوێنه‌ر كردووه ئه‌گه‌ر ده‌قێك خاڵى بێت له وشه‌ى خۆكوشتن، به گومانه‌وه بڵێن ئه‌م ده‌قه له‌لایه‌ن هیدایه‌ته‌وه نووسراوه، ئه‌گه‌رچى خوێنه‌رى كورد به داخه‌وه كه‌مترین ئاگایى هه‌یه له‌باره‌ی "سادقى هیدایه‌ت" و به‌رهه‌مه‌كانى و ته‌نیا به هه‌ندێك له تێكسته‌كانى ئاشنان، چونكه كاتێك نووسه‌رێك باس له چه‌ند به‌رهه‌مێكى دیاریكراوى خۆى ده‌كات، ئیتر خوێنه‌رى ته‌مه‌ڵ ته‌نیا وا ده‌زانن ئه‌و نووسه‌ره هه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه دیاریكراوانهى هه‌یه، وه‌ك ئه‌و حاڵه‌ته‌ى به‌سه‌ر فه‌یله‌سووفێكى متهسهوفى وه‌ك "ئه‌بو حه‌ییانى ته‌وحیدی"دا هات.
خۆكوشتن له ساده‌ترین دیسكریپشندا بریتییه له هه‌ڵسوكه‌وتێكى دهستئهنقهستى تاكێك بۆ كۆتاهێنان به ژیان. زۆرجار خۆكوژیى وابه‌سته‌یه به پاڵه‌وانبوون و بوێرییه‌وه و جارگهلێكى تر ده‌بێت به هێما و سیمبۆلى شه‌ره‌ف وه‌ك لاى ژاپۆنییه‌كان، چونكه ئه‌وان پێیان وایه ئه‌وه‌ى به شمشێرى سامۆراى خۆى ده‌كوژێت، پله‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له كه‌سانى چوارده‌ورى به‌رزتره.
"فرۆید" له رووى ده‌روونییه‌وه پێی وایه خۆكوشتن دژایه‌تى تاكه به‌رانبه‌ر ئاراسته ناوه‌كییه‌كانى خۆى، دواتر ژماره‌یه‌ك پسپۆڕى تر هاتوون خۆكوشتن ده‌خه‌نه خانه‌ى كلاسیفیكهیشنهوه و ده‌ڵێن، سێ ره‌هه‌ند له خۆى ده‌گرێت، ئه‌وانیش ویست و ئاره‌زووه بۆ كوشتن پاشان هه‌مان ویست بۆ مه‌رگ و دواجار ئه‌و شته‌ى كه هه‌یه و ده‌بێ نه‌مێنێت. ئاشكرایشه كه ژماره‌یه‌كى زۆر ئه‌دیبمان هه‌یه چوونه‌ته ناو پرۆسه‌ى خۆكوژییه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكى وه‌ك میرات بۆى ماوه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر "هه‌مه‌نگواى" هات كاتێك خۆى و باوكى و دوو زڕخوشكهكهى و برازاكه‌ى خۆیان كوشت.
پێم وایه خۆكوژیى به ته‌نیا به چوونه ناو پرۆسه فیزیایییهكه وه‌سپ ناكرێت، مه‌گه‌ر تۆ ئه‌و عه‌شقه زۆره‌ى "ئێدگار ئالان پۆ" و "چاڕلس بۆكۆڤسكى" بۆ كهوول و باده نۆشین به خۆكوژیى وه‌سف ناكه‌یت؟ یان ژیانى بۆهیمییانه و سهعلوكییانهى "جان ده‌مۆ" به خۆكوشتن دانانرێت؟ له‌وه‌ش بترازێت ژیانى پڕ له خهمۆكیى پاریس بۆ "بۆدلێر" چ شتێك نییه بێجگه له خۆكوشتن؟ دواجار هه‌موو ئه‌م جۆره خۆكوشتنانهى ناو ده‌ق و ده‌ره‌وه‌ى ده‌ق وابه‌سته‌ى پێوه‌ندییه‌كى رۆحیى نووسه‌ره به به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه.
ئه‌دیبه‌كان به‌گشتى خاوه‌ن چه‌ندان خه‌سڵه‌تى تایبه‌ت به‌خۆیانن، مرۆڤى ته‌نیان، گۆشه‌گیر و یاخین، په‌راوێزن.. هه‌ست ناكه‌ن كۆى ئه‌م خه‌سڵه‌تانه یه‌كسانه به هه‌ڵهاتنى ئه‌دیب؟ یان به واتایه‌كى تر هه‌ڵهاتن له واقیع، هه‌ڵهاتن له كۆى ئه‌و حاڵه‌ته دهروونییانهى له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژى و ره‌تیان ده‌كاته‌وه، ده‌كرێت بڵێین ئه‌دیبى یاخى و راسته‌قینه دوا مه‌نزڵى خۆكوشتنه؟
نه‌خێر، هه‌رگیز نابێت دواین دێڕى پرسیاره‌كه‌ت ببێت به وه‌ڵامێكى ره‌ها. چونكه ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا تۆ سته‌م له ژماره‌یه‌كى زۆر له نووسه‌رانى داهێنه‌ر ده‌كه‌یت كه خۆیان نه‌كوشتووه. گۆشه‌گیریى له بناغه‌دا پاتێرنێكه بۆ ته‌نیایى و تاكگه‌رایى، ئه‌و ته‌نیایی و گۆشه‌گیرییه له كه‌سێكه‌وه بۆ یه‌كى تر ده‌گۆڕێت و زۆرجار ده‌گاته قۆناغى ئینترۆڤێرتیڤ یاخۆ "ئینتیوائى" و دواى خۆى چه‌ند نه‌خۆشییه‌ك له چه‌شنى فۆبیا ده‌خاته‌وه. ئه‌گه‌رچى سوودى ئه‌و گۆشه‌گیرییه بۆ نووسه‌ر و ئه‌دیب زۆره به راده‌یه‌ك وای لێ ده‌كات به خه‌یاڵێكى سافه‌وه بیر بكاته‌وه و بنووسێت و یاریده‌ده‌ره بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر نۆستالۆجیا.
دیاره شاعیر و ئه‌دیب له هه‌موو شهریحهیهكى تر زیاتر وابه‌سته‌ى گۆشه‌گیرین به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ئیش له‌سه‌ر پرسى خۆكوشتن و ره‌شبینى ده‌كه‌ن به وێنه‌یه‌ك كه به ته‌واوى داده‌بڕێن له هه‌موو پێوه‌ندی و ئیلتیماسێك له‌گه‌ڵ تاكه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگه. بیرمان نه‌چێت حاڵه‌ته‌كه هه‌ندێك جار ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه و له فۆڕمێكى لائیرادیدا خۆى ده‌نوێنێ، چونكه ئه‌وه‌ى تا ئێسته زانراوه ئه‌وه‌یه خه‌سڵه‌تى دهستئهنقهستى كه‌سه گۆشهگیرهكهیه. له‌وه‌ش بترازێت له‌ناو نووسه‌ران و ئه‌دیباندا ده‌بینین هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك ده‌چنه حاڵه‌تى گۆشه‌گیرییه‌وه. بۆ نموونه: گۆشه‌گیریى جان كۆكتۆ جیاوازه له مارسیل پرۆست، ئه‌گه‌رچى هه‌ردووكیان نوێنه‌رایه‌تى ره‌گوریشه‌ى بنه‌ماڵه‌یه‌كى بۆرژواى روناكبیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرۆست زیاتر ریاڵیست بووه و ئیشى له‌سه‌ر دیفاكتۆ كردووه له كاتێكدا كۆكتۆ دنیاى خورافه و خه‌یاڵ ده‌كاته ته‌رزى ئیشكردنى خۆى.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ پرسیاره‌كه‌ت ده‌بینین ژماره‌یه‌كى زۆر له نووسه‌رى رهشبینمان هه‌یه و له خۆكوشتووهكان ره‌شبینتر بوون و نه‌چوونه‌ته ناو پرۆسه‌ى خۆكوژییه‌وه، ئیتر به نه‌خۆشى مردبن یان كاره‌ساتى ئۆتۆمبێل یان هه‌ر شتێكى تر، له‌وانه: "كافكا" كه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه ئێمه له كوێ ده‌مانزانى گریگۆر سامسایهك هه‌یه له قوژبنى خه‌یاڵدانى ئه‌ودا، یان چه‌ندان فه‌یله‌سووفى وجوودى وه‌ك سارته‌ر و كامۆ یان سۆسیۆلۆژیستێكى وه‌ك ریمۆن ئارۆن كه به‌وپه‌ڕى نائومێدى و ره‌شبینییه‌وه قسه له‌سه‌ر ململانێى چینه‌كان و سیستمى تۆتالیتاریى و دیمو‌كراتى ده‌كات.
تۆ نا‌توانیت ده‌قه ناوازه‌كانى پابلۆ نیرۆدا ره‌ت بكه‌یته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆی نه‌كوشتووه و به نه‌خۆشى مردووه. ئێمه ناتوانین به خۆسێ ساراماگۆ پورتوگالى بڵێین چونكه له ماڵه‌كه‌ى خۆت له دوورگه‌ى كه‌نارى له ئیسپانیا مردیت و خۆت نه‌كوشت، ئیتر داهێنه‌ر نیت. هه‌ر به‌مجۆره‌ش بۆ ئه‌وانی تر.
"ئاسمان ناوبانگیم لێ زه‌وت ده‌كات، ئه‌ویش مه‌زنترین ده‌ستكه‌وته له دنیادا، بۆیه منیش وه‌ك منداڵێكى سه‌ركێش بهخشندهیییهكانى تر‌ى فڕێ ده‌ده‌مه‌وه به‌ڕوویدا، بۆیه كۆتایى به‌و ژیانه‌م دێنم ده‌سته‌به‌رى كردووه بۆم، كه ئه‌ویش مه‌رگى جوانى ناو مه‌یدانى جه‌نگه‌كانه. هاوكات زۆر دڵخۆشم به بیركردنه‌وه له گۆرٍِى مه‌زنى بێ كۆتا". ئه‌مه له یه‌كێك له نامه‌كانى هاینریش ڤۆن كلایست هاتووه كه بۆ ئۆرلیكهى خوشكى ده‌نێرێت، ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌یه و دواجار خۆكوشتنى كلایست، له‌و خاڵه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت كه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه به شوێن كهماڵبووندا ده‌گه‌ڕێت هه‌ست ده‌كات ئه‌م زه‌وییه شوێنى ئه‌و نییه و پێویسته له دنیایه‌كى كامڵتردا ژیان بكات؟ یان به دیوێكى تردا، مرۆڤێكه له دۆخێكى نائاسایدا كه تووڕه‌یه له خودا و له ئاسمان بۆیه ژیان به ڕه‌هایى ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و چێژ له گۆڕ ده‌بینێت، ده‌كرێت پرسیاره‌كه وا بكه‌ین ئاسایى نییه مرۆڤێك سروشتییانه رقى له ژیان بێت؟
هه‌ڵبه‌ت پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى دێڕى دوایهمینى پرسیاره‌كه‌ت كه كرۆك و جه‌وهه‌رى پرسیاره‌كه‌یه، پێویسته سه‌ره‌تا ئاگادارى ژیانى "كلایست" بین. دیاره ئه‌و له ماوه‌ى ژیانه كورته‌كه‌یدا كه ته‌نیا 34 ساڵ ژیاوه (1777-1811) به ته‌واوى نه‌ك له ژیانى خۆى دابڕاوه، به‌ڵكو له سه‌رجه‌م بزاوته ئه‌ده‌بییه كلاسیكى و ڤایمارى و رۆمانتیكییه‌كان دابڕاوه و ئاره‌زووى تێكه‌ڵبوونى له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و دێڕه شیعرییه‌ى مه‌حوى-م بیر دێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: دڵ تێكهڵهاتنه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه تێكهڵیى.
زۆربه‌ى ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى كلایست سه‌رباز و ئه‌فسه‌ر بوون له سوپادا، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام هاینریش-ى كوڕ ئازار ده‌دات و یواكیم فریدریك-ى باوك خۆشحاڵ ده‌كات، ئه‌م ناكۆكییه كافكاییه ته‌شه‌نه ده‌سێنێت تا ئه‌و ئاسته‌ی نامۆ ده‌بێت به بنهماڵهكهشى. ئه‌گه‌رچى كافكا سه‌ده‌یه‌ك دواى ئه‌و كۆچى دوایى ده‌كات به‌ڵام ئه‌و گرێ پاتریاركییه زیاتر له كافكاوه پێى ئاشنا بووین. دواتر كلایست بۆ ئه‌وه‌ى ئاشنا بێته‌وه به ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌كه‌ى و له هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵێكیش بدات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ره‌شبینى و گۆشه‌گیرییه‌ى ژیانى ته‌نى بوو، ده‌چێت كۆمه‌ڵێك بابه‌ت ده‌خوێنێت كه هیچیان له‌وانی تر ناچن و به‌رده‌وام له ژیان و خوێندندا ئیش له‌سه‌ر پارادۆكسیه‌ت ده‌كات، تا واى لێ دێت له یه‌ك كاتدا فیزیا و ماتماتیك و مێژووى هونه‌ر و زمانى لاتینى و ئابوورى و زانسته رامیارییه‌كان ده‌خوێنێت.
دواجار مه‌عریفه و زانیاریى ناو ئه‌و كتێب و وانانه‌ى ده‌یخوێنێت، خه‌ونه‌كانى پڕ ناكاته‌وه و ویسته‌كانى تێر ناكه‌ن، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى بڵێت: ئه‌و دنیا و موحیتهى له چواردهورییهتى له غیابى مێنتاڵێتیدا كار ده‌كات. دیاره به‌شێكى ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ى كلایست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیراسه‌كردنى "ئیمانوێل كانت" بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر، كه بووه هۆى ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ى هه‌موو قهناعهتهكانى كلایست له‌باره‌ی ژیان. كه‌واته ئه‌گه‌ر له رووى فیزیاییه‌وه كلایست له قه‌راغى ده‌ریاچه‌ى ڤانزێ خۆى و كچه هاوڕێكه‌ى كوشتبێت، ئه‌وا له رووى مه‌عریفه‌وه "كانت" كوشتوویهتى.
بۆ وه‌ڵامى دواین دێڕى پرسیاره‌كه‌شت، بۆ نا؟، هه‌موومان زۆرجار سروشتییانه رقمان له ژیانه، چونكه تێگه‌یشتنى ژیان ئه‌وه‌یه شتێكى ئیختیارى نییه، به‌ڵكو مه‌حكووم بوونه، وه‌ك چۆن "هیگڵ" له هه‌وڵى ئه‌وه‌دابوو گرفتى دركى هۆشیاریى ترانسدێنتاڵ چاره‌سه‌ر بكات، لێره‌دا ئه‌ویش تیۆره‌ى تهوحیدیى "كانت" بۆ (خود) و (بابه‌ت) قبووڵ ده‌كات كه هه‌مان ئیشكالییه‌تى (بوون) و (زیهن) چاره ده‌كات، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا "هیگڵ" فۆرمولا و داڕشتنه‌وه‌ی (خودیى) به دیوه "كانت"ـییهكهدا قبووڵ ناكات.
رۆماننووسی ئیتاڵی چێزارى پاڤێزى خۆكوشتنی خۆی راگه‌یاند به‌وه‌ی خۆشترین شته له ژیانیدا، ئه‌م چێژه بۆ رۆمانووسێك كه پێی وایه خۆكوژى خۆشترین شته، لاى ئێوه كام ده‌لاله‌تى تێدا ده‌بیننه‌وه؟ یان به واتایه‌كى تر ئه‌زموونێك كه تاقى نه‌كراوه‌ته‌وه، چ هۆكارێكه وا ده‌كات ئه‌و دروشمه به‌رز بكاته‌وه كه خۆكوشتن خۆشترین شته؟ ئایا ئه‌گه‌ر خۆكوشتن خۆشترین بێت، كه‌وایه ژیان گاڵته‌جاڕییه و ناخۆشه؟
دیاره چێزارى پاڤێزى وه‌ك هه‌ر یه‌كێك له نووسه‌ران و شاعیرانى تر خاوه‌نى بیروڕاى تایبه‌تى خۆیه‌تى، وه‌ك له وه‌ڵامى پرسیارى پێشوودا ئاماژه‌م پێ دا، هه‌مووى ده‌كه‌وێته سه‌ر قه‌ناعه‌تى نووسه‌ر، من نامه‌وێت چ خوێنه‌ر چ كه‌سێكى ئاسایى ئه‌و قه‌ناعه‌ته ترسناكه‌ى لا دروست ببێت، پرۆسه‌ى كاولكردنى خۆی لاى ده‌روونناسان چاره‌سه‌رێكى هه‌میشه‌یی بۆ گرفتێكى كاتى، وه‌لێ لاى كه‌سى خۆكوژ چاره‌سه‌رێكى هه‌میشه‌یى بۆ گرفتێكى هه‌میشه‌یى.
فاكته‌رى سه‌ره‌كى له ره‌شبینى چێزارى پاڤێزى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ره‌نگاریى فاشییه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستى مۆسۆلینی دیكتاتۆر، سه‌ره‌ڕاى تووشبوونى به ره‌بۆ و ته‌نگه‌نه‌فه‌سى. كه‌واته لێره‌دا فاكته‌ر و جۆرى ره‌شبینى و خۆكوشتنهكانیش جیاوازن، وه‌ك چۆن دیدگاى هه‌ر نووسه‌رێكى خۆكوژ بگریت بۆ ژیان ده‌بینیت هه‌مان دید و بۆچوونى نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى "ئه‌دامۆف" گوته‌نى: ئینتیمایان بۆ ئه‌و ژیانه‌ى ناویان ناوه سه‌خافه‌ت نه‌بێت.
خۆكوشتنى پاڤێزى به جورعه‌یه‌ك له باربیتۆرات كه ده‌رمانێكه بۆ هێوركردنه‌وه‌ى ئه‌عساب به‌كار دێت كه ئه‌وه‌ش له ترشى باربیتۆرى پێك دێت و بۆ سڕكردن و خه‌واندن له بوارى نۆژداریدا كارى پێ ده‌كرێت، ده‌یسه‌لمێنێت به‌رده‌وام له دۆخی بارگرژى ده‌روونیدا ژیاوه.
ئیتر پێ ده‌چێت لاى پاڤێزى خۆشترین شت خۆكوشتن بێت و لاى جیرارد دۆ نێرڤال پیاسه‌كردن له‌گه‌ڵ قرژاڵهكهى چێژێكى بێ كۆتای هه‌بێت و هیدایه‌ت پێش خۆكوشتن حه‌زى به سوارى به‌له‌م و یاریى تاوڵه بووبێت.