چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی و گۆڕان داوای مافی پەنابەریەتی دەكەن

:: PM:05:23:11/04/2018 ‌
بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان وەزیفەكەیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا بەكار دەهێنن تا سەردانی دەرەوە بكەن، پاشان خۆیان رادەستی پۆلیس دەكەن و داوای مافی پەنابەریەتی دەكەن، سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش دەڵێ، ئەمە زیانی لە پەرلەمان و پەرلەمانتاران داوە لای كونسوڵخانەكان لە وەرگرتنی ڤیزا.

گۆران ئازاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2017ەوە سەروسۆراغی دیار نەما، دواتر ئاشكرابوو كە لە كەنەدا داوای مافی پەنابەریەتی كردووە. گۆران كە وەك پەرلەمانتار ڤیزای چوونی بۆ كەندا وەرگرت، دواتر لەوێ خۆی رادەستی پۆلیسی ئەو وڵاتە كرد و داوای مافی پەنابەریەتی كرد. دوای ئەویش زوڵفا مەحموود پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بەهەمانشێوە رووی لە كەنەدا كرد و داوای مافی پەنابەریەتی كرد. زوڵفا دوای ئاشكرابوونی لە روونكردنەوەیەكدا لە ئەكاونت و پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لە 23ی شوبات، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و دەنگۆی جێهێشتنی كوردستانیشی رەت كردەوە.

لەو روونكردنەوەیەدا زوڵفا ئاشكرای دەكات كە بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە لە پێنج دانیشتنی پەرلەمان ئامادە بێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 50 رۆژ بەسەر روونكردنەوەكەدا، هێشتا سۆراغی دیار نییە و بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، ناوبراو لە كەنەدا داوای مافی پەنابەریەتی كردووە.

لە 14ی ئاداری رابردوو، دوای سەردانی شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەریتانیا كە لەو رۆژەدا بەپێی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دیداری فەرمیی خۆیان لەگەڵ وەزیری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی حكوومەتی بەریتانیا ئەنجام دا.

شاندەكەی پەرلەمان پێكهاتبوون لە جەعفەر ئێمنیكی جێگری سەرۆك، بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، زانا عەبدوڕەحمان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی و ڤاڵا فەرید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە فراكسیۆنی پارتی.

بەگوێرەی هەواڵی چالاكیی شاندەكە لە ماڵپەڕی پەرلەمان، شاندەكە لە 22ی ئادار دواكۆبوونەوەی لە فڕەنسا ئەنجام داوە، بەڵام دیار نییە كەی گەڕاوەتەوە كوردستان.

زانا عەبدوڕەحمان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی كە بەشداریی شاندەكە بوو، تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە كوردستان و دەنگۆی ئەوە هەیە هەر بەیەكجاری نەگەڕێتەوە.

لەسەر ئەو پرسە بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رەتی دەكاتەوە زانا عەبدوڕەحمان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیازی ئەوەی هەبێت نەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.

لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە زانا كەسوكاری لە بەریتانیایە و داوای كردووە مۆڵەتی بدەنێ ماوەیەك لەگەڵ كەسوكاری لە بەریتانیا بمێنێتەوە. گوتی "هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە".

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتاران بۆیان هەیە داوای مۆڵەت بكەن بۆ ماوەی 15 رۆژ، دوای ئەو ماوەیە ئەگەر ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبن، ئەوا بە "نەهاتوو" بۆیان ئەژمار دەكرێت.

لەبارەی گۆران ئازاد و زوڵفا مەحموودیش، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە گۆران ئازاد دەستی لەكار كێشاوەتەوە و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی مافی هەیە داوای مافی پەنابەریەتی بكات، بەڵام ئەوەی روون نەكردەوە كە دوای دیارنەمانی و لە رێی ئەلیكترۆنییەوە گۆران نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە.

لەبارەی زوڵفا مەحموودیش گوتی، "ماوەی زیاتر لە مانگێكە زوڵفا مەحموود بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی نەكردووە و بە نووسراوی فەرمیش داوامان لە فراكسیۆنی گۆڕان كردووە روونكردنەوە لەسەر دیار نەمانی زوڵفا بدەنە سەرۆكایەتی، لە چەند دانیشتنێكشدا بە نەهاتوو بۆی نووسراوە".

لەبارەی خراپ بەكارهێنانی پۆستی پەرلەمانتاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتان بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات، پاشان نەگەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، تا ئەوكاتەی ئەندامی پەرلەمان بیت، نابێت داوای مافی پەنابەری لە هیچ وڵاتێك بكەیت، تەنانەت نابێت پەرلەمانتار ئەو كارە بكات، چونكە پۆستێكی گشتی هەیە، بەڵام ئەگەر دەست لەكار بكێشێتەوە و پاشان وەك هاووڵاتییەكی سڤیل بۆی هەیە ئەوە ئەنجام بدات.

بێگەرد نەیشاردەوە كە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە زیانی لە پەرلەمانی كوردستان داوە لەلایەن كونسوڵخانەكانی لە كوردستان هەن.

ئەو گوتی "بێگومان زیان و كاریگەری هەیە و كێشەشی بۆ دروست كردووین لە وەرگرتنی ڤیزا بۆ پەرلەمانتاران، لە بەشێك لە نوێنەرایەتی وڵاتانی دنیا لە كوردستان كونسوڵخانەیان هەیە".




وشە - فه‌رمان سادق