ترەمپ كەی و چۆن گورزەكە لە سووریا دەوەشێنێت؟

:: PM:06:05:11/04/2018 ‌
دوای شەوێك لە ئالوگۆڕكردنی بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن ئەمەریكا و رووسیا لە بەرانبەر پڕۆژە بڕیارەكانیان لەبارەی دۆخی سووریا، پێدەچێت ئێستە دنیا چاوەڕوانی وەشاندنی گورزێكی ئەمەریكا و رۆژئاوایی بێت بۆ رژێمی سووریا، لەو كاتەی پڕسیار لەبارەی كات و قەبارەی گورزەكە دەكرێت؟.

شەوی رابردوو ئەمەریكا نەیتوانی پڕۆژە یاسایەك لەبارەی لێكۆڵینەوە هێرشە كیمیاییەكانی رژێمی سووریا تێپەڕ بكات، ئەوەیش دوای ئەوەی رووسیا بۆ 12مین جار لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆی لەسەر دۆخی سووریا بەكار هێنا، شەشیان پێوەست بوون بە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی كیمیایی بۆ سەر گەلی سووریا. 

لای خۆیەوە واشنتن وەڵامی رووسیای دایەوە لە رێگەی نووچخستنی تێپەڕكردنی دوو پڕۆژە بڕیاری مۆسكۆ لەسەر هەمان پرس كە دەیویست میكانیزمێكی لێكۆڵینەوە لە بەركاهێنانی چەكی كیمیایی بسەپێنێت كە دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا بە ناسەربەخۆی دادەنێن كە رێگری دەكەن لە تۆمەتباركردنی رژێمی بەشار ئەسەد. 

لە سایەی پەككەوتننی بژارە دیپلۆماسییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە هەموو لایەنەكانی رۆژئاوا لە دوای هەڕەشەكانی ترەمپ رازی بكات بەوەی سەرۆكی سووریا باجێكی قوڕس دەدات، ئێستە بە بۆچوونی زۆرێك لە شرۆڤەكاران پڕسیارەكە ئەوە نییە كە گورزەكە دێتە وەشاندن یان نا؟، بەقەد ئەوەی كە قەبارە و كاتی گورزەكە كەی و چەندە؟.

دوای ئەوەی بەر لە چەند رۆژێك ترەمپ ئاماژەی بۆ كشانەوەی هێزەكانی كرد لە سووریا، سوپای ئەمەریكا دەستی كرد بە زیادكردنی هێزەكانی لە نزیك لێوارەكانی رۆژهەڵاتی سووریا لە دەریای سپی ناوەڕاست، كە ئەوەیش وای كرد شارەزایانی ستراتیژی پێشبینی ئەوە بكەن كە گەرزی ئەوجارەی ئەمەریكا بۆ رژێمی سووریا فرەوانتر بێت لە تەنیا بۆردمانكردنی فڕۆكەخانەیەك وە مووشەكبارانەكەی بنكەی ئاسمانی شوعێرات لە پارساڵ لە دوای هێرشە كیمیاییەكەی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەی خان شیخۆن. 

دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمەریكا باسی جوڵاندنەوە یەكی گەورەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و یەكە دەریاوانییەكانی بەرەو سووریا دەكەن، دیارترینیان فڕۆكەهەڵگری "هاری تروومان" كە قوبرسەوە بەرەو لێوارەكانی سووریا چوو، لەپاڵ چەندان كەشتی سەربازی هەڵگری سیستەمی مووشەكی تۆماهۆك و كرووز و پێشبینی دەكرێت كە بۆردومانی ژمارەیەك ئامانجی سەر بە رژێمی سووریا بكات، جیا لە چەند كەشتییەكی هەڵگری سەربازانی ئەمەریكایی.

شارەزایان پێشبینی دەكەن كە گورزەكەی ئەمەریكا چەند ئامانجێكی سووریا بگرێتەوە لەوانە كۆشكی كۆماری لە دیمەشق و بارەگەكانی فرقەی چوار كە یەكێكە لە گرنگترین باڵەكانی رژێمی سووریا لە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە، هەروەها پێشبینیان كرد كە گورزەكە بنكەی سەربازی و فڕۆكەخانەكان و بنكەی گردبوونەوەی هێزەكانی ئێران و میلیشیاكانی سووریا و ئێران و لبنان و هیتریش.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا لەو بارەوە رای گەیاند كە رژێمی سووریا دەستی كردووە بە چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان وەك خۆسازدان بۆ ئەگەری هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمەریكا.

لای خۆیەوە مەئموون ئەبو نەوار، شارەزای ستراتیژی لەو بارەوە دەڵێت، ئەو گورزەی ئەمەریكا كە پێشبینی دەكرێت هەریەك لە بەریتانیا و فڕەنسا بەشداری بن تیایدا، هەر ئەنجام دەدرێت. ئەو بۆ "جەزیرە" باسی ئەوە دەكات كە ئەگەری گورزەكە زۆرە، چونكە ئەگەر روو نەدات ترەمپ متمانە لەدەست دەكات، ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە هەروەها دووپاتكراوەیە كە ناتوانرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێكخراوی نەهێشتنی چەكی كیمیایی بگەن بە رێككەوتن لەو بارەوە، چونكە میكانیزمەكانی نێودەوڵەتی پەكیان كەوتووە و ئەوانەیش وا دەكەن كە بژارەی سەربازی تاكە بژارە بێت لەبەردەم ترەمپ و هاوپەیمانەكانی.

ئەو شارەزایە دەڵێت كە وەشاندنی گورزەكە بۆ ئەمەریكا تەنیا بەهۆی هێرشە كیمیاییەكەوە پێویست نییە، بەڵكو بۆ گەیاندنی پەیامێكی بەهێزە بۆ رژێمی سووریا و ئێران و رووسیا و هەتا كۆریای باكوریش، هەروەها پاشگەزبوونەوە لە هێرشەكە وا دەكات كە دنیا پارێزراو نەبێت لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە هەر شوێنێك نەوەك تەنیا لە سووریا.  

لە بەرانبەردا بنیامین فریدمان، شارەزای سیاسەتەكانی تەناهی و بەرگری لە پەیمانگەی كیتۆ و مامۆستای ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتن لەو بارەوە گوتی، سەرەڕای ئەوەی ئەگەری وەشاندنی گورزەكە زۆرە، بەڵام ئەگەری بەستنی گرێبەستێكی نێوان رووسیا و ئەمەریكا لە دوا ساتەكان تا ئێستەیش هەیە.

دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ترەمپ پاشگەز ببێتەوە ئەوە رووبەڕووب رەخنەی گەورە لە ناوخۆی وڵاتەكە و لەلایەن هاوپەیمانەكانیشی دەبێتەوە، هاوكات وریایی دا لەوەی ئەمەریكا لە جەنگێكی درێژخایەن لە سووریا تێوە بگلێت.    

ئەبو نەوار وای لەقەڵەم دا كە دواترین ئەوەی رووسیاییەكان گرنگی پێ دەدەن رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەمەریكا و ئاماژەی كرد كە رووسیا لەبەردەم دوو بژارەیە، یەكەمیان چاو لە مووشەكەكانی ئەمەریكا بپۆشێت كە بەسەر بنكە سەربازییەكانی تێپەڕ دەبێت لە سووریا، دووەم رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكاییەكان كە ئەوەیش مەوداكەی نازانرێت. 

سەرچاوە: جەزیرە نێت 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل