"ناوبژیوانی یارییەكەی ریال مەدرید و یۆڤانتۆس رەشوەی وەرگرتبوو"

:: AM:09:05:12/04/2018 ‌

جۆرجیۆ كیلینی بەرگریكاری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی رەخنەیەكی توندی ئاراستەی ناوبژیوانی یارییەكەی شەوی رابردوویان بەرامبەر یانەی ریال مەدرید كرد و رایگەیاند كە رەشوەی وەرگرتووە.

شەوی رابردوو یانەی یۆڤانتۆس لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەم سەركەوتنە سوودی پێ نەگەیاند، چونكە لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕا بوو و بەمەش لە ركابەریكردنی بەدەستهێنانی جامەكە كرایە دەرەوە.

یارییەكە تا خولەكی زیادكراوی سێیەم 93 بەسەركەوتنی یانەی یۆڤانتۆس بە 3 گۆڵی بێ وەڵام تەواوببوو، بەڵام ناوبژیوانی ئینگلیزی مایكل ئۆلیڤەر بەر لەتەواوبوونی یارییەكە بە چەند چركەیەك لێدانێكی سزای گوماناویی بۆ یانەی ریال مەدرید هەژمار كرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزییەك لەنێوان یاریزانانی یانەی یۆڤانتۆس و ناوبژیوان دروست بوو.

لەكاتی دروستبوونی ئاڵۆزییەكەدا كیلینی بەرگریكاری یانەی یۆڤانتۆس روو لە ڤاران و مارسێلۆی بەرگریكارانی یانەی ریال مەدرید دەكات و بە دەستەکانی ئاماژە بەوە دەكات رەشوەتان داوەتە ناوبژیوان بۆ ئەوەی لە یارییەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنن.

لێدانە سزاكە بەسەركەوتوویی لەلایەن كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ئەنجامدرا و بە تۆماركردنی ئەم گۆڵەش یانەی ریال مەدرید بەفەرمی خۆی گەیاندە قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م