وێنە.. لەبارەی ئەم دیاردەی شەقامی 120 مەتری شارەوانی ئاگادار دەكرێتەوە

:: PM:03:11:12/04/2018 ‌
لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر چەند ڕێیەكی لاوەكی لە نێوان گەڕەكەكاندا كراونەتەوە، بەوهۆیەشەوە شارەوانیی هەولێر ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو ڕێیە لاوەكییانە تێك بدەن و مەترسیی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆی لێ‌ دەكرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی نیسان/ ئەپریل، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند ڕێیەكی لاوەكی لای گەڕەكی سەفین بۆ سەر شەقامی 120 مەتری دروست كراوە كە ڕەنگە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكە بۆ كارئاسانی خۆیان دروستیان كردبێت.

زیاتر گوتی، پێویستە شارەوانیی هەولێر بە زووترین كات كار بكات بۆ ئەوەی ئەو ڕێیە لاوەكییانە لا ببات، ئەگەر نا ڕووداوی مەترسیداری هاتوچۆی لە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر لێ‌ دەكەوێتەوە.

شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر گەورەترین پڕۆژەی رێگەوبانە لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستە بەشێك لە شەقامەكە نەكراوەتەوە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، ئەو بەشەی شەقامەكە كە كراوەتەوە تا ئێستە بەبێ‌ رووناكی و سەوزایییە و هیچ خزمەتگوزارییەكی گشتیی بۆ شەقامەكە نەكراوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم