په‌رله‌مانتارێكی پێشووی فه‌یلی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه فه‌یلییه‌كان له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یین وه‌ك كورد كه له‌ناو زۆرینه‌ی عه‌ره‌بن، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌رانبه‌ر به كورد، زووتر رووی له فه‌یلییه‌كان كردووه.
فه‌یلییه‌كان خۆیان به پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی كورد ده‌زانن، ئه‌وان به‌هۆی ناسنامه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌یانه‌وه دووچاری سته‌م هاتوونه‌ته‌وه. عه‌لی حوسێن فه‌یلی په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان له‌وباره‌وه له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر به‌شێك له دۆخی فه‌یلییه‌كان.
له یادی جینۆسایدی كوردانی فه‌یلیدا، چۆن سه‌یری داهاتووی ئه‌و پێكهاته ره‌سه‌نه‌ی كورد ده‌كه‌یت؟
پرسیارێك دێته پێش كه یه‌ك سه‌ده سته‌م و 40 ساڵ چاوه‌ڕوانی، چۆن له یه‌ك بۆنه‌دا شوێنیان ده‌بێته‌وه؟ یادی هه‌زاران شه‌هید و سه‌تان هه‌زار ئاواره چۆن له یه‌ك شوێندا كۆ ده‌كرێنه‌وه؟ به درێژایی ساڵانی رابردوو له باشترین حاڵه‌ته‌كاندا رێوڕه‌سمه‌كان ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك و به‌یاننامه و فاتیحایه‌ك و هه‌ندێ بابه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو كۆتایان هاتووه.
هه‌موو ئه‌وانه‌یش چونكه حكوومه‌تی عێراق خۆی به میراتگری تاوانه‌كانی به‌عس نازانێت و هێشتا پابه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌مان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه كه به كردار خاوه‌نی ئه‌و دۆسیه‌یه. هه‌رچه‌ند له رووی نه‌ته‌وه‌یی و مانه‌وه‌وه به‌لای كوردستان و له باری شوێنهاته یاسایی و مادییه‌كانیش به‌لای به‌غدادا ده‌شكێته‌وه.
وه‌ك هه‌موو كاره‌ساته مه‌زن و یاده بچووكه‌كانیان، هێشتا ئامارێكی وردمان نییه و به روونی نازانرێ كه‌ی و چۆن و له كوێ ئه‌و كاره‌ساته ته‌مه‌ندرێژه ده‌ستی پێ كردووه؟ نه ژماره و نه ره‌گه‌ز و نه ناونیشانی سه‌رجه‌م قوربانییه‌كانمان هه‌یه و نه مێژوو و شوێنێكی دیاریكراو بۆ بێسه‌روشوێنكردنیان.
وه‌ك فه‌یلی چۆن ده‌ڕوانیته دۆخی ئێسته‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان؟
هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی فه‌یلییه‌كان زیاتر له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقن و ئه‌وه‌یش له زۆر رووی دیمۆگرافی و سیاسی و ئابووری و ته‌ناهییه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆیه وه‌ك كورد له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یین كه له‌ناو زۆرینه‌ی عه‌ره‌بین و هه‌ر كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌رانبه‌ر به كورد، زووتر رووی له فه‌یلییه‌كان كردووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وان بووه.
له دوای رووخانی سه‌دامه‌وه كورد ده‌بوو ناوماڵی خۆی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی رێك بخاته‌وه كه به‌داخه‌وه نه‌مانبووه، بۆیه كوردی فه‌یلی له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا نه‌یانتوانی خۆیان بدۆزنه‌وه، راسته یارمه‌تی دران و له دادگا دۆسیه‌كه‌یان به جینۆساید ناسرا، به‌ڵام كاراكردنی ئه‌و بڕیاره هه‌وڵی بۆ نه‌درا، هه‌وڵ نه‌درا ئه‌و كوردانه‌ی ئاواره و ده‌ربه‌درن قورسایی دروست بكه‌ن، هه‌وڵ نه‌درا له به‌غدا ئه‌و متمانه‌یان پێ ببه‌خشرێت و رۆڵیان پێ بدرێت. كه‌چی عه‌ره‌بی شیعه توانی سوود له‌و دۆخه وه‌ربگرێت و ئه‌وان به به‌رنامه هاتنه پێش.
قورسایی سیاسیی فه‌یلی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟
به‌داخه‌وه سه‌نگی سیاسیی ئه‌وان له ئاستی گونجاو‌دا نییه و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له عێراق ئامارێك بۆ ژماره‌ی كوردانی فه‌یلی و پێگه ئابوورییه‌كه‌یان له به‌رده‌ستدا نییه، ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی تاك دیارن، به‌ڵام قورسایی جارانیان نییه كه سه‌رده‌مێك سه‌تان بازرگانیان هه‌بووه، له كایه‌ی سیاسیشه‌وه بۆ ئه‌م قۆناغه ده‌بوو به‌گوێره‌ی ئه‌و ژینگه‌ی فه‌یلییه‌كان تیایدا ده‌ژین، بوار بدرایه بۆ خۆیان هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی سیاسی‌یان ده‌سته‌به‌ر بكردایه گونجاوتر له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه كه نه‌درا.
كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كوردی زیاتر پێوه‌ست نییه به هه‌بوونی كێشه له پڕۆژه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌ی، چاره‌سه‌ر چییه؟
كه‌لێنێك له ریزه‌كانی كورد له‌وباره‌وه هه‌یه كه به زیانی كورد و سوودی دوژمنه‌كانی ده‌شكێته‌وه، بابه‌ته‌كه ته‌نیا فه‌یلییه‌كان نین، جیاوازی فه‌یلییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر ئه‌وه‌یه كه جیا له پێگه سیاسییه‌كه، خاكیشیان له ده‌ست داوه، بۆیه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست ئه‌وه‌یه كه كورد ده‌بێت به‌و رۆحه‌وه بچینه ناو پرۆسه سیاسییه‌كه و بتوانین ناوماڵی خۆمان یه‌ك بخه‌ین، ئه‌وه وای كردووه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه دووچاری كێشه بووینه، تۆ ناتوانی وه‌ك له هه‌ولێر سیاسه‌تی خۆت له به‌غدا جێبه‌جێ بكه‌یت، چونكه له‌وێ باڵاده‌ست نین و ئه‌و توانایه‌مان نییه و ركابه‌ره‌كه به‌هێزتره، بۆیه به‌و شێوه‌یه نا‌توانیت ركابه‌ری بكه‌یت.
ئێسته پارته شیعه‌كان له‌سه‌ر كوردانی فه‌یلی ئیش ده‌كه‌ن و چه‌ندان لیستی سه‌ربه‌خۆیان بۆ فه‌یلییه‌كان پێك هێناوه، ئه‌وان له نێوان نه‌ته‌وه و تایفه كامیان هه‌ڵده‌بژێرن؟
له به‌رانبه‌ر هه‌ڵمه‌تی ئه‌وان پێویسته كوردیش هه‌یبێت، ئه‌گه‌ر نییه یان لاوازه، پێویسته سه‌ركردایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه، وه‌ك كورد رۆژانی زۆر سه‌ختمان بینیوه، به‌ڵام بیر و خواستی كورد له‌ناو نه‌چوو، راستییه‌كه‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌ییمان كێشه‌ی تیادا دروست بووه، لایه‌نی دووه‌میش كه لایه‌نه تایفییه‌كه‌یه، ئه‌وه له كوردستانیش ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و پارته‌كانی ئیسلامی سیاسی له كوردستان به‌رجه‌سته‌ی تایفه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌كه‌ن و ئه‌ندامی شیعه‌یان نییه، كه دیارده‌كه پێوه‌سته به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
هه‌ڵوێستی فه‌یلییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی عێراق چییه و زیاترینیان له نێوان نه‌ته‌وه و تایفه‌دا ده‌نگ به‌چی ده‌ده‌ن؟
ناتوانین ئه‌وه بڵێین، هه‌ر كه‌سێك و لایه‌نێك به‌پێی بینینی خۆی ده‌نگ ده‌دات، ئاخۆ لایه‌نه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان یان نه‌ته‌وه‌یی پێش ده‌خات و كوردی فه‌یلی له‌ناو هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق بوونی هه‌یه هه‌ر له حزبی شیعی و بیری نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه تا بیری تایفی و لیبراڵ و عه‌لمانی، بۆیه هه‌مووان سوودیان لێ ده‌بینن كه مێژوویییه‌كی سته‌ملێكراوی هه‌یه، به‌ڵام كوردی فه‌یلی پێم وا نییه بتوانێت قورسایی جارانی به‌ده‌ست بێنێته‌وه.
تا چه‌ند نه‌هامه‌تی كوردانی فه‌یلی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش گرنگی خۆی پێ دراوه؟
دۆسیه‌ی جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان به‌جیهانی نه‌كراوه، چونكه عێراق كێشه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته، به‌ڵام جینۆساید هه‌ر تاوانه و دۆخی فه‌یلییه‌كان به‌ده‌ر نییه له‌وه‌ی كورد و ئه‌گه‌ر كورد بگاته ئارامی، ئه‌وه فه‌یلییه‌كانیش سوودمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه بۆ كورد باش نه‌بێت وه‌ك له ریفراندۆم بینیمان ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌یان له كوردی به‌غدا ده‌كرد، ئێسته له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای هه‌ولێر كاندیدی كوردی فه‌یلی هه‌یه كه هه‌نگاوێكی زۆر گه‌وره‌یه و پێویسته هه‌مان شت بۆ ئێزیدی و شه‌به‌كیش هه‌بێت و ئه‌وان خۆیان به نامۆ نه‌زانن.
بۆچی وه‌ك پێویست سوود له كوردانی فه‌یلی و كوردانی به‌غدا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی كورد له به‌غدا وه‌رنه‌گیراوه؟
كوردانی به‌غدا به فه‌یلییه‌كانیشه‌وه كوڕ و كچی كوردن، له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و زمان و عه‌قڵیه‌تی عه‌ره‌ب ئاشنان و له‌ناویاندا ژیاون و گه‌وره بوون و ئه‌وه رۆڵی زۆر ده‌بێت. بۆیه به‌غداش كوردی دڵسۆزی تیادایه و ده‌توانرێت سوودیان لێ وه‌ربگیرێت كه به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆیش وه‌ك پێویست سوودیان لێ وه‌رنه‌گیراوه.