بەفر بەشێك لە پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان
و ئێرانی سپیپۆش كرد و لەم كاتەی ساڵدا بووە هۆی داخستنی قوتابخانەكان لە هەندێك
شاری ئێران. پۆلیسی هاتوچۆ داوای لە شوفێران كردووە لە كاتی گەشتیان بۆ شارەكانی
تر و تێپەڕین بە ناوچە شاخاوییەكان زنجیر ببەستن.
بەفربارین لەم كاتەی ساڵدا لە لایەك جێی دڵخۆشیی
جووتیاران و لە لایەكی تر جێی نیگەرانییە. چونكە داری میوە لە گوڵدایە و بارینی بەفر
زیان بە بەرهەمەكە دەگەیەنێت و لەناوی دەبات، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی
بووژانەوەی زیاتری سەرچاوە ئاوییەكان لە هەندێك پارێزگا كە بە دەستی كەمئاوی و وشكەساڵی
دەناڵێنن.
بەگوێرەی "مێهرنیوز" بەفربارین بەشێك
لە پارێزگاكانی ئێرانی گرتووەتەوە و پێشبینیش دەكرێت ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی سنە، زەنجان،
قەزوین و ئەلبورز و تاران بەفر ببارێت.
هاوكات لە كرماشان، ئیلام، لۆڕستان، كۆهگیلۆیە
و بۆیرئەحمەد، ئیسفەهان، خوراسانی باكور، خوراسانی رەزەوی و خوراسانی باشوور ئەگەری
باران و هەندێك جار تەزرە لەئارادایە. هەر لەو پارێزگایانە لە بەرزاییەكان بەفر دەبارێت
و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان تووشی كێشە دەكات.
لە تاران پلەی گەرمی ١٠ پلە دابەزیوە، لە هەندێك
ناوچە سێ پلە چووەتە ژێر پلەی سفری سیلیسییەوە، ئەمەش واتای زیانگەیاندن بە بەرهەمی
میوە دەگەیەنێت و گوڵەكانیان لەناو دەبات.