یەكێتی گریانی پێشمەرگەیەك دژی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ بانگەشە بەكار دێنێ

:: AM:10:16:16/04/2018 ‌
لە ڕۆژانی ڕابردوو، میدیاكانی یەكێتی و پەیجەكانی سەر بەو حزبە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، بە فرەوانی گرتەیەكی ڤیدیۆییان وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاو دەكەنەوە. لە دیمەنێكیدا ژنە پێشمەرگەیەك لەوكاتەی دژی فرۆشتنی كەركووك لەلایەن گرووپێكی خیانەتكاری یەكێتییەوە دەگری، بەڵام یەكێتی ڤیدیۆكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دێنێت و ئەوەیش ژنە پێشمەرگەكە نیگەران و تووشی كاردانەوەی توند دەكات.

چنار بەرواری ژنە پێشمەرگەیەك كە لە ماوەی شەڕی داعش بەردەوام هاوكاری و كۆمەكی بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە كۆ دەكردەوە و پێویستییەكانی پێشمەرگە دابین دەكرد، لە ڕێی هەڵمەتی كۆمەك بەخشینەوە، لەوكاتەی گرووپێكی یەكێتی خیانەت دەكەن و كەركووك لە بەرانبەر بە قاچاغبردنی نەوت دەفرۆشن، ئەو ژنە هاوشێوەی هەر كوردێكی نیشتمانپەروەر، سەختی خیانەتەكە گرنگی كەركووك، دەیخاتە گریانێكی كاریگەر. ئەو دیمەنە لەلایەن كەناڵی "بی بی سی" بڵاو كرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتەوە.

بەڵام ئەو گریانە كە یەكێتی هۆكارەكەی بوو، هەمان حزب بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن گرتەیەكی ڤیدیۆی دروست كردووە لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی بڵاوی دەكەنەوە و دیمەنی گریانی ئەو ژنە پێشمەرگەیە وا پیشان دەدرێ لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا كە بۆ یەكێتییە، لە كاتێكدا دژی خیانەتەكەی یەكێتییە. ئەمەیش ناڕەزایی لێ كەوتووەتەوە و چنار بەرواری لە ڕوونكردنەوەیەكدا بە توندی بەكارهێنانی دیمەنەكانی ئەو لە پروپاگندەی هەڵبژاردن ڕەت دەكاتەوە.

چنار بەرواری ژنە پێشمەرگەی ناسراوی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" ناردووە، نووسیویەتی، مێژووی خەبات و تێكۆشانی باوكم و بنەماڵەكەمان لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانی بووە و بەردەوامیشین لەسەر ئەو ڕێبازە، بەڵام هەندێ كەناڵی تەلەڤزیۆن و پەیجی سۆشیال میدیا دیمەنێكی منیان لە ریكلامی هەڵبژاردن بەكارهێناوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی منی لەسەر بێ یان من ئینتیمام بۆ ئەو حزبە هەبێ، بۆیە ئەمە جێی نیگەرانی من و بنەماڵەكەمە و ناكرێ بێ ڕەزامەندی كەسێك وێنە و گرتەی ڤیدیۆ بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێ.

چنار بەرواری یەكێكە لەو كچە كوردانە رەگەزنامەی دانیماركی هەیە و لە سەرەتای شەڕی داعشەوە گەڕایەوە كوردستان بۆ هاوكاری پێشمەرگە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د