ئەلیگری خۆی فێری ئینگلیزی دەكات.. دەزانی هۆكارەكەی چییە؟

:: AM:11:18:16/04/2018 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی چووەتە خولێكی فێركردنی زمانی ئینگلیزی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە ئەو راهێنەرە رەنگە بۆ وەرزی داهاتوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەیەكی خولی نایابی ئینگلیزی وەربگرێ.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە:ئەلیگری دوای كارەكانی راهێنەرایەتی یانەی یۆڤانتۆس لە خولێكی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەسەر دەستی مامۆستایەكی تایبەت دەخوێنێ بۆ ئەوەی بە فێری زمانی ئینگلیزی بێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دەنگۆی ئەوە هەیە بۆ وەرزی داهاتوو ئەلیگری ریزی یانەی یۆڤانتۆس جێبێڵێ و راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی یان ئارسناڵ لە خولی نایابی ئینگلیزی وەربگرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، ئەلیگری 50 ساڵ خۆشی خوازیارە لە وەرزی داهاتوو بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی ئیتاڵیا و بەدیاریكراویش لە خولی نایابی ئینگلیزی كاری راهێنەرایەتی بكات.

ئەلیگری ئاواتی ئەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئارسین ڤینگەری فڕەنسی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ وەربگرێ، رۆژنامەی (سەن) جەختیشی كردەوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ڤینگەر لە راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ دەردەكرێ ئەگەر نەتوانێ ناسناوی خولی ئەوروپا بۆ یانەكە بەدەستبێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م