بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی گۆڕا

:: PM:03:52:16/04/2018 ‌
ئەمڕۆ بەفەرمی قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وەك بەرپرسی مەڵبەندی یەكی سلێمانی یەكێتی دەستبەكار بوو، ئەوەیش دوابەدوای ئەوە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردووش شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ كرا بە بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر و هەردووكیشیان سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، لە راگەیەنراوێكدا قادر حەمەجان ڕای گەیاند، وەك بەرپرسی مەڵبەندی یەكی سلێمانی یەكێتی دەستبەكار بووە، هەر ئەمڕۆش سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كادرانی یەكێتی لە سنووری سلێمانی كردووە. هاوكات ئەو سەرپەرشتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی لەو سنوورە دەكات.

لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاوشێوەی حزبەكانی تری كوردستان ئەو گۆڕانكارییانە لەناو یەكێتیدا ئاسایییە و هاوئاهەنگی لە نێوان ئەنجوومەنی ناوەندی و مەكتەبی سیاسیی هەیە تا ئەو گۆڕانكارییانە ئەنجام بدرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە واژووی باوكی شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ وەك بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر دەستبەكاربوو كە هەر ئەوكات "وشە" بڵاوی كردەوە كە رزگار عەلی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی سێ‌ بە بێدەنگی سڕ كراوە و شاڵاو خراوەتە شوێنەكەی.

لەلایەكی تریشەوە سەرچاوەیەك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە بەرپرسی مەڵبەندەكان لەسەر خواستی رەفعەت عەبدوڵا و بە پشتگیری كۆسرەت رەسووڵ گۆڕاون و بنەماڵەی تاڵەبانی دەیانەوێ‌ شكستی هەڵبژاردن بخەنە ئەستۆی باڵی كۆسرەت رەسووڵ.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم