وادەی یاریی كۆتای جامە گەورەکانی ئەوروپا

:: PM:12:47:19/04/2018 ‌

وەرزی 2017-2018 بۆ پاڵەوانیەتییە گەورەكانی ئەوروپا بەرەو كۆتایی دەچێ و تا ئێستاش پاڵەوانی هەرسێ خولی ئینگلیزی و فڕەنسی و ئەڵمانی یەكلایی بووەتەوە.

یانەی مانچستەر سیتی بۆ پێنجەمجار لە مێژووی خۆیدا بەفەرمی بووە پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی پاریس سان جێرمانیش بۆ حەوتەمجار بووەتە پاڵەوانی خولی فڕەنسا، یانەی بایرن میونشنیش بوویتە پاڵەوانی ئەڵمانیا، هەروەها یانەكانی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆسیش نزیكبوونەتەوە لە بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا و ئیتاڵیا.

لە مانگی داهاتوودا زۆرینەی یارییەكانی كۆتای جامەكانی ئەوروپا بەڕێوە دەچن، بۆ خوێنەرانی (وشە) وادەی یارییەكانی كۆتای جامە گەورەكانی ئەوروپا دەخەینەڕوو:-

یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا (بەرشەلۆنە – سڤیلییە)

یاریگەی (واندا میترۆپۆلیتانۆ)ی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید مێوانداری یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا دەكات لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و سڤیلییە و یارییەكەش رۆژی شەمووی داهاتوو سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە بە بردنەوەی لە یانەی ڤالێنسیا بە ئەنجامی 5-3 گۆڵ لە یاریی چوون هاتندا خۆی گەیاندبووە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا، یانەی سڤیلییەش بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردبووەوە.

یانەی بەرشەلۆنە خوازیارە ئەمساڵ بۆ چوارەمساڵ لەسەریەك ناسناوی جامی شای ئیسپانیا بباتەوە و هەر لە پێشەنگی یانەكان بمێنێتەوە لە رووی ژمارەی جامەكانی پاڵەوانیەتییەكە كە تا ئێستا 29 جاری بەدەستهێناوە.

یاریی كۆتای جامی فڕەنسا (پاریس سان جێرمان – لیزێربی)

یانەی پاریس سان جێرمان لە یاریی كۆتای جامی فڕەنسا رووبەڕووی یانەی لیزێربی دەبێتەوە كە لە خولی پلە چواری فڕەنسا یاری دەكات، یارییەكەش رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

یانەی پاریس سان جێرمان ئاواتەخوازە بۆ چوارەمساڵ لەسەریەك جامەكە بەرز بكاتەوە و هەر لە پێشەنگی یانەكان بمێنێتەوە لە رووی ژمارەی جامەكان كە 11 جامە.

یانەی پاریس سان جێرمان لە قۆناغی پێش كۆتای جامی فڕەنسا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی كانی بردبووەوە، یانەی لیزێربیش دوێنێ چوارشەم بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانە ركابەرەكەی چامپلی بردبووەوە.

یاری كۆتای جامی ئیتاڵیا (یۆڤانتۆس – میلان)

یاریگەی ئۆڵەمپیكۆی تایبەت بە یانەی رۆما، مێوانداری یاریی كۆتای جامی ئیتاڵیا دەكات لەنێوان هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و میلان، یارییەكەش لە رۆژی 9ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

یانەی یۆڤانتۆس لە یاریی چوون و هاتندا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەتلانتای بردبووەوە و خۆی گەیاندبووە یاریی كۆتای جامی ئیتاڵیا، یانەی میلانیش دوای ئەوەی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی لازیۆ یەكسان ببوو، بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە و بە ئەنجامی 5-4 گۆڵ گەیشتبووە یاریی كۆتای جامی ئیتاڵیا.

یانەی یۆڤانتۆس بەو هیوایە دێتە ناو یاریگە بۆ چوارەمساڵ لەسەریەك ببێتە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا و هەروەك یەكەم یانە بمێنێتەوە لە ریزبەندی یانەكان كە تا ئێستا 12 جامی بردووەتەوە.

یاریی كۆتای جامی ئەڵمانیا (بایرن میونشن – فڕانكفۆڕت)

رۆژی 19ی مانگی داهاتوو یانەی بایرن میونشن لە یاریی كۆتای جامی ئەڵمانیا رووبەڕووی یانەی شالكە دەبێتەوە.

یانەی بایرن میونشن دوای بردنەوەی لە یانەی بایەر لێڤەركوزن بە ئەنجامی 6-2 گۆڵ خۆی گەیاندبووە یاریی كۆتای جامی ئەڵمانیا، یانەی فڕانكفۆڕتیش بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی شالكەی بردبووەوە.

یاریی كۆتای جامی ئینگلتەڕا

یاریی كۆتای جامی ئینگلتەڕا رۆژی 19ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی هەردوو یانەكە دیاری نەكراوە و ركابەرییەكانی پاڵەوانیەتییەكە ئێستا لە قۆناغی پێش كۆتاییە و رۆژی شەمووی داهاتوو هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و تۆتنهام لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، رۆژی یەكشەمیش هەردوو یانەی چێڵسی و ساوتهامتۆن لەنێو یاریگەی وێمبڵی بەرامبەر یەكتر یاری دەكەن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م