مارێكی گەورە لە مێرگەسۆر كوژرا

شوانێكی سنووری شارۆكەی مێرگەسۆر لە كاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات، گەورەترین مار لە كوردستان دەبینێ و مارەكە دەیەوێ پەلاماری بدا، ئەویش بەرگری لە خۆی دەكات و لە كۆتادا مارەكە دەكوژێت.

سەباح فەرمان هاووڵاتییەكی دانیشتووی شارەدێی شێروان مەزنی سنووری شارۆكەی مێرگەسۆرە و بۆ "وشه"گوتی، لە گوندی تاتكی سنووری شێروان مەزن خەریكی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بووم، لەناكاو مارێكی گەورەم بینی و خەریك بوو گازم لێ بگرێ و پەلامارم بدات، بەڵام من بەردێكی گەورە هەڵگرت و پێمدا كێشا و دواتریش بە دار زۆرم لە سەری مارەكە دا تا كوشتم.

زیاتر گوتی، مارەكە درێژی زیاتر لە دوو مەتر بووە و كێشی زۆرە، لەوەتەی هاتوومەتە دنیا ماری بەو قەبارە گەورەم لە ناوچەكەمان نەبینیوە، جیا لەوەیش ئەمساڵ مار لە ناوچەكەمان یەكجار زۆر بووە و تا ئێستەیش هۆكارەكەی بە ڕوونی نازانرێت.

ڕێبەر سوار هاووڵاتییەكی تری مێرگەسۆرە و بۆ "وشە" گوتی، ئەوەندەی ئێمە تێبینیمان كردووە، زۆربوونی مار و دووپشك لە سنوورەكەمان پێوەندی تەواوی بە كەمبارینی بەفر و بارانەوەیە، هەر ساڵێك ڕێژەی بەفر و باران لە دەڤەرەكەمان كەم ببارێ، ئەو ساڵە مار و دووپشك زۆر زیاتر دەبن بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو.

مێرگەسۆر لە رووی كارگێڕییەوە یەكێكە لە شارۆكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و 144 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، پێنج شارەدێ لەخۆ دەگرێ و زیاتر لە 60 هەزار كەس ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارۆكەیەن.

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:02:58:19/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 55852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌