ئه‌و حزبانه كوردیانه‌ی له كه‌ركووك به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقیان كردووه، "به‌بێ ئاڵاى كوردستان" ده‌ستیان به بانگه‌شه كردووه. ئه‌وه جیا له‌وه‌ى جۆرێك له ترس له‌ناو حزبه كوردستانییه‌كاندا هه‌یه له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و ئه‌و هێزانه‌ى تر‌ى له كه‌ركووك هه‌ن، رێگرییان لێ ده‌كرێت.
جگه له پارتى، /كه‌ركووك به داگیراو ده‌زانێت و به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكات/ چه‌ند لیستێكى كوردى له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینى كراوه له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى بانگهشهكهیاندا هیچ ئاڵایه‌كى كوردستان هه‌ڵنه‌دراوه و ته‌نانه‌ت له پۆسته‌ری كاندیده‌كانیشدا "باسی كوردستانیه‌تی كه‌ركووك نه‌كراوه" به‌رپرسێكى حزبى له‌و شاره ده‌ڵێت، پێیان گوتین هه‌ڵدانى ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا و فه‌رمانگه‌كان قه‌ده‌غه‌یه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و وێنانه‌ی له كه‌ركووكه‌وه بۆ "وشه" گیراون، ده‌رده‌كه‌وێ ته‌واوی كاندیدانی یه‌كێتی له كه‌ركووك پۆستهكارهكانیان بێ ئاڵای كوردستان چاپ كردووه و به شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كانی شاره‌كه‌دا هه‌ڵیانواسیوه، به وشه‌یه‌كیش ناوی كوردستان و وێنه‌ی ئاڵای كوردستانیان له پۆسته‌ر و لافیته‌كانیان به‌كار نه‌هاتووه.
ئه‌و دۆخه‌ی یه‌كێتی له‌و شاره له كاتێكدایه، پێشتر پارێزگار و لایه‌نى ته‌ناهیی شار، زۆرینه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌كانی كه‌ركووك له ده‌ستی ئه‌و حزبه‌دا بوو، به‌ڵام به‌هۆی خیانهى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو كه له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى ناو یه‌كێتى ئه‌نجام درا، كورد هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌و شاره له ده‌ست دا و یه‌كێتیش ئێسته له‌ژێر جێبه‌جێكردنی رێنوێنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی میلیشیاكاندا كاری سیاسیی ده‌كه‌ن.
به‌رپرسێكى حزبى شیوعى له كه‌ركووك نیگه‌رانه له‌و دۆخه‌ى شاره‌كه كه ناتوانن ئاڵاى كوردستان هه‌ڵبده‌ن. به‌ختیار محه‌مه‌د كارگێڕى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى حزبى شیوعى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، بابه‌ته‌كه شاراوه نییه كه هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له كه‌ركووك رێپێدراو نییه، هیچ حزبێكیش له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵواسینى پۆسته‌ره‌كاندا، به‌كارى نه‌هێناوه.
ڕوونیشى كرده‌وه "حزبه كوردستانییه‌كان تا ئێسته تاقییان نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر ئاڵاى كوردستان به‌كار بێنن چى ڕوو ده‌دات، به‌ڵام به‌پێى ئه‌وه‌ى كه قه‌ده‌غه‌یه، حزبه‌كانیش به‌كاریان نه‌هێناوه".
ئه‌و به‌رپرسه حزبییه له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه دۆخه‌كه جێى نیگه‌رانییه و ههڵنهكردنى ئاڵاى كوردستان پێوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه كه نه‌چێته چوارچێوه‌ى ململانێى سیاسیى له شاره‌كه‌دا، چونكه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه پێمان ڕاگه‌یه‌نراوه كه ئاڵاى كوردستان قه‌ده‌غه نییه بۆ كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى حزبه‌كان هه‌مووان به‌و دۆخه ناڕازین، به‌ڵام بۆچى بایكۆتى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن؟ ئه‌و به‌رپرسه‌ى شیوعى گوتى، "كورد به بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن له شاره‌كه‌دا هیچ به‌دیلێكى نییه و پێویسته به‌شدارى بكات بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانى به‌ده‌ست بێنێت به‌تایبه‌ت ئه‌و مافانه‌ى له‌م دوایانه‌دا لێى سه‌نراوه‌ته‌وه".
فه‌رامۆشكردنی ئاڵای كوردستان و پشتكردن له پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌گوته‌ی كه‌ركووكییه‌كان، به دیاریكراوی له‌لایه‌ن كاندیدانی یه‌كێتی له كه‌ركووك ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌وه دوای ئه‌وه‌ی میدیا و به‌رپرسانی ئه‌و حزبه به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌كێتی حزبی شه‌هیدانه و خه‌باتی بۆ ئازادی كوردستان كردووه.
هه‌رچى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه تا ئێسته پێى وایه كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى داگیر كراوه و به‌و هۆیه‌وه بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنى له شاره‌كه‌دا ڕاگه‌یاند. محه‌مه‌د خورشید به‌رپرسى لقى سێى پارتى له كه‌ركووك، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، كه‌ركووك شارێكى داگیركراوه و پارتى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكى تر و له شارێكى داگیركراودا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناكات.
یه‌كێتى گومانى له‌وه نییه كه له شاره‌كه‌دا ترس و تۆقاندن هه‌یه و پێى وایه ئه‌وانه‌ى ترس بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا بكرێت. ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى، به"وشه"ى راگه‌یاند، ئه‌و لایه‌نانه‌ى له كه‌ركووك ده‌سه‌ڵاتیان نییه، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان و ئه‌و ههڕهشانهیشى ده‌كرێت ره‌نگه له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌لاى ئه‌و هێزانه‌یه كه نایانه‌وێ هه‌ڵبژاردن له شاره‌كه‌دا بكرێت.
عه‌سكه‌رى ده‌ڵێت، "بانگه‌شه‌ى توند دژى كورد هه‌یه و پێشێلكارى زۆر ده‌كرێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى لایه‌نه كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگ نین و نه‌بوونى ئاڵاى كوردستانیش له شاره‌كه‌دا پێوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه كه متمانه نییه له نێوان هێزه ته‌ناهییه‌كان و هێزه‌كانى تر، بۆیه ئاڵا كوردستان‌مان هه‌ڵنه‌داوه".
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه متمانه‌یان به‌و كه‌شوهه‌وایه نییه كه له كه‌ركووك هه‌یه و ئاڵاى كوردستان قه‌ده‌غه كراوه. ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند، "ته‌نیا بایكۆتى هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك چاره‌سه‌ر نییه و پێویسته كورد له هه‌موو عێراق به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌كات".
ئازاد جه‌بارى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ته‌ناهیی له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به دره‌نگى نازانێت ئه‌گه‌ر كورد ئێسته‌یش بایكۆتى هه‌ڵبژاردن له‌و شاره بكات و بۆ "وشه" ڕاى گه‌یاند، هه‌ڵدانى ئاڵاى كوردستان پێوه‌ندى به هه‌ڵوێستى حزبه‌كان و دۆخى شاره‌كه‌وه هه‌یه.
جه‌باری ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كرد كه ئێسته‌یش دره‌نگ نییه ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه، له كه‌ركووك بایكۆت بكه‌ن یان پاڵه‌په‌ستۆ له شاره‌كه‌دا دروست بكه‌ن.
كه‌ركووك له 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به چاوساغى چه‌ند كه‌سێكى ناو یه‌كێتى كه به ناپاكه‌كان ناسراون، داگیر كراوه و كورد به ته‌واوى په‌رته‌وازه بووه.