ئەم هەفتەیە مووچە دابەش دەكرێ

:: PM:02:21:21/04/2018 ‌
جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كاروباری ئۆپراسیۆنەكان ئاشكرای كرد، ئەو پارەیەی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگەی دابین كردووە، گەیشتووە و بڕیارە لەم هەفتەیە دەست بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت.

لیوا قارەمان كەمال جێگری سوپاسالار بۆ كاروباری ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو هاوكارییەی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی دابین كردبوو، گەیشتووەتە بانك و لە بانكی منارەوە ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێ، بۆیە ئێستە خەریكی تەواوكردنی ڕێكارەكانین تا لە زووترین كات دەست بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بكرێ و بە دڵنیاییشەوە دابەشكردنی مووچە لەم هەفتەیە دەبێ.

عەمید روكن هەژار عومەر بەرپرسی بەشی پێوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ "وشە" گوتی، ئەم مانگەش مووچەی پێشمەرگە بەپێی سیستەمی كۆن دەبێ و بە خشتەی نوێ دابەش ناكرێ، چونكە هێشتا ئامادە نەبووە و لەسەری نەگەیشتووینەتە ڕێككەوتن.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاری دا، ساڵانە بڕی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار هاوكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانە بكات، تا مووچە و پێداویستییەكانی پێشمەرگەی پێ دابین بكرێ، ئەمە دووەم ساڵە ئەمەریكا ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە دابین دەكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - باز ئه‌حمه‌د