بڕی یەك ملیار دینار بۆ هێزەكانی ناوخۆ زیاد كرا

:: PM:06:45:21/04/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بڕی یەك ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ زیاد بكات ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت، بۆ پێداچوونەوەی تەواوەتی بۆ مووچەی هێزەكانی ناوخۆ پێویستیان بە پێنج ملیار دینارە.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، قادر ڕەزگەیی، بڕیاردرەی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بڕی یەك ملیار دینار بۆ هێزەكانی ناوخۆ زیاد بكات.

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ دەڵێت، بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی پاشكەوتی هێزەكانی ناوخۆ هاوشێوەی فەرمانبەران پێویستی بە پێنج ملیار دینارە، بۆیە بە یەك ملیار دینار ناتوانرێت پێداچوونەوە بۆ پاشكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ بكرێت.

ڕەزگەیی ئاشكرای كرد، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ قسەمان كردووە و هەر هیچ نەبێت لەو هەفتەیە مووچەی هێزەكانی ناوخۆ بە سیستەمی كۆن یان سیستەمی نوێ‌ دابەش بكرێت، ئەوانیش بەڵێنییان داوە.

لە 27ـی ئادار حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد بڕی 11 ملیار دیناری دیاری كردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە پاشكەوتی هێزەكانی ناوخۆ بكرێت بە زیادكردنی ئەو یەك ملیار دینارەش پارەكە دەبێت بە 12 ملیار دینار.



وشە - رامیار جەواد