بە ڤیدیۆ.. شەڕە كورسی و گولە كۆتایی بە كۆبوونەوەی شاسوار هات

:: PM:07:46:21/04/2018 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاسوار و لیستەكەی لە كەركووك كە هەفتەیەكە بانگەشەی كۆبوونەوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە، دەبێتە شەڕە كورسی و تەقە دەكرێت و كەسانێك بریندار دەبن.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی نیسان/ ئەپریل، بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە لە كۆتایی سیمینارەكەی شاسوار عەبدولواحید پشێوی و شەڕ دروست بوو كە گوێ‌ لە هەندێك بۆچوونی ناڕازی نەگیرا.

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت كە هاووڵاتییان لە كۆتایی سیمینارەكەدا دەبێتە شەڕیان و بە كورسی و دار  لێك دەدەن و دواتر تەقە دەكرێت و خەڵەكەكە هەركەس و بۆ پاراستنی گیانی خۆی شوێنەكە چۆڵ دەكات.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لەو سیمینارە دوای تەقەكردن بریندارێك هەیە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری كەركووك، هەروەها هۆكاری ناڕەزایەتی هاووڵاتییانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە گوێ‌ لە ناڕەزایەتی هاووڵاتییان نەگیراوە.

شاسوار عەبدولواحید، ئێستا لیستێكی بۆ هەڵبژاردنەكان پێكهێناوە دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر سكاڵای لەسەر هەبوو لەسەر نەدانەوەی پشكەكانی چاڤی لاند كە هاووڵاتییان داوای پارەكانین دەكردەوە.




وشە - رامیار جەواد